نوسینگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ سکاڵا لەسەر عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان تۆماردەکات.
پاش ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی١٠ی٢٠٢٠، هاوردەکردنی کاڵا و شمەک بەفەرمی لە مەرزی باشماخەوە ڕاگیراوە و لەبری ئەوە، نزیکەی ٤٠٠ بارھەڵگر کاڵای قاچاخ و ١٧٠٠ تانکەری سوتەمەنی بەبێ گومرگ و پشکنین لە باشماخەوە داخلی هەرێم کراون، نوسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی باشماخ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو لێدوانەی بە بۆختانێکی شاخدار وەسفکرد و رایگەیاند، لەدادگای پێنجوێن سکاڵای یاسایی دژی عەلی حەمە ساڵح تۆماردەکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ:
خۆڵ مەکەنە چاوی خەڵکی..
بەڕێزان سەبارەت بە هەواڵێک کە (علی حمەساڵح) پەڕلەمانتاری گۆڕان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوی کردۆتەوە بەپێویستمان زانی بەڕای گشتی ڕابگەیەنین کە :
۱-ماوەی (۳) هەفتە زیاترە بەڕێز سەرپەرشتیاری دەروازەی باشماخ هیچ کۆبونەوەیەکی لەگەڵ ئەنجومەنی بارهەڵگرەکان نەکردووە.
۲-ڕۆژی سێ شەمە شۆفێرێک بەناوی (شەماڵ محمود احمد فتاح) ئەنجومەنی بارهەڵگرە فلاتەکان پەیوەندی بە (لیوا مەریوان)ەوە کردووە و پێ ی ڕاگەیاندووە کەوا قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ/ئێران (فەرید حەق پەنا) کردووە کەدەڵێ تەنها تانکەرە بەنزینەکان دەنێرینە دیوی هەرێمی کوردستان ، لەوەڵامدا سەرپەرشتیاری دەروازە بە کاک شەماڵی ووتووە ئاگاداری ئەوبڕیارەی لایەنی ئێران نیم و وەڵامتان دەدەمەوە.
۳ -سەرپەرشتیاری مەرز پەیوەندی کردووە بە بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ/ ئێران و وتویەتی (۱۷۰۰) تانکەر سووتەمەنی وەستاون و لەبەر بارودۆخی سەلامەتی ڕۆژی چوارشەمە بارهەڵگری هەرێم وەرناگرین بۆئەوەی تەنکەری سوتەمەنی یەکان لەخاکی ئێراندا نەمێنێ و ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکەین بە ئاگاداری سەر کونسوڵی ئێران لە سلێمانی .
٤ -لەسەر داواکاری بەڕێوەبەری گومرگ/ ئێران بەڕێز فەرید حەق پەنا ئەو کارە کراوە.
٥-سکاڵای یاسایی لەسەر علی حمەساڵح تۆماردەکەین لەدادگای پێنجوێن لەسەر ئەو بوختانە شاخدارەی بۆ سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخی کردووە.
(ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان)