بەدواداچون بۆ مووچەی 11 مانگی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت

  2020-10-21  | 
سلێمانی
کۆبوونەوەی عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لەگەڵ یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان
فۆتۆ: پەیجی فەرمی عەبدولستار مەجید
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێشوازییان لەیەکێتی کەمئەندامانی کوردستان کردووە و لەبارەی چارەنوسی مووچەی 11 مانگی خاوەن پێداویستی تایبەت گفتوگۆیان کردووە.

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی١٠ی٢٠٢٠، لەنوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانی، پێشوازییان لە یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان کردووە کە ویستویانە لەم ڕێگایەوە دەنگیان بگاتە لایەنی پەیوەندیدار و بزانرێت چارەنوسی  موچەی 11 مانگی رابردویان چی لێهاتوە.

ڕاشیگەیاندووە، "لە ڕاستیدا ستەمێکی  ئێجگار گەورەیە بەو هەموو داهاتە زەبەلاحەوە چاوت لە 150 هەزار دیناری مانگانەی کەمئەندامێک و شەلەل دەماغێکی هەژار و نەدار بێت و بە جارێک موچەی 11 مانگیان بێسەروشوێن بکەی."

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، "بۆ پشتگیری داواکەیان و گەیاندنی بە شوێنی خۆی، ئەمڕۆ بە نوسراوی فەرمیی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان لەم بابەتە ئاگادار کردەوە و ڕۆژانی داهاتوش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت ئاگاداردەکەینەوە و بەدواداچونی بۆ دەکەین".



ڕیکلام