بە ناچاری سەعد حەریری ڕاسپێردرایەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی لوبنان

  2020-10-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میشال عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان ئەمڕۆ جارێکی تر سەعد حەریری سەرۆکی رەوتی موستەقبەلی ئەو وڵاتە ڕاسپاردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دوای ئەوەی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنایەوە.

پەرلەمانی لوبنان لە ١٢٨ کورسی پێکهاتووە، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی لوبنان  و ٦٥ پەرلەمانتار دەنگیان پێداوە و ٥٣ پەرلەمانتاریش دەنگیان پێ نەداوە و ٨ پەرلەمانتاری سەربەخۆش بەشداری دەنگدانەکەیان نەکردووە.

دوای بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی لوبنان، حەریری گەیشتە کۆشکی سەرۆکایەتی "بعەبدا" لە نزیک بەیروت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماردا.

حەریری کە بەر لە نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر حکومەتەکەی لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا دەستی لە کار کێشایەوە، پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت ئەرکێکی قورسە، بە تایبەت لوبنان لەژێر سایەی دابەشبوونێکی سیاسی قورسدایە و شەقامیش لە چینی سیاسی وڵاتەکە زۆر تورەن.

ئەگەر حەریری بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکەی، ئەوا لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئەوە بۆ چوارەمین جارە سەرۆکایەتی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی دەکات.

دوای ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکایەتی لوبنان ، میشال عۆن بی ئەوەی ناوی حەریری بهێنێت ڕایگەیاند، پێویستە بەرپرسیارێتی چاککردنی گەندەڵی و دەستکردن بە پرۆسەی چاکسازی ڕابگەیەنێت.

لە ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، خۆپیشاندانی فراوان لە لوبنان دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران  ئۆباڵی خراپی ڕەوشی ئابوری و سیاسی و خراپی گوزەرانی خەڵکیان خستە ئەستۆی هێزە سیاسیەکان، کە لەسایەی ئەواندا گەندەڵی و بەکارهێنانی هەژموونی خۆیان تەشەنەی کردووە.

دوای خستنی حکومەتەکەی حەریری، حەسان دیاب لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتێکی پێکهێنا و بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو، بەڵام بەهۆی هەژموونی هێزە سیاسیەکانەوە، سەرکەوتوو نەبوو لە دەسپێکردنی هیچ چاکسازییەک.

دواتریش بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لە ٤ مانگی ئابی ڕابردوودا، حکومەتەکەی دیاب دەستی لەکار کێشایەوە، ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لوبنان لەم ماوەیەدا دووجار سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و بە هێزە سیاسییەکانی ڕاگەیاند، ئەگەر چاکسازی راستەقینە نەکەن، هیچ کۆمەکێکی دارایی ناکرێن لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە.

دوای ماوەیەک لە گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە، مستەفا ئەدیب کەسایەتی سیاسی ئەو وڵاتە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی سیاسی، بە تایبەت سووربوونی حزبوڵا و بزونەوەی ئەمەل لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی دارایی و ناونانی وەزیرە شیعەکان، گفتوگۆکان شکستیان هێناو  نەتوانرا حکومەت پێکبهێنرێت.

لە ئێستاشدا جگە لە خراپی ڕەوشی سیاسی، لوبنان دووچاری قەیرانێکی دارایی قورسیش بووەتەوە، بەشێوەیەک بەهای لیرەی لوبنانی لە٨٠% ی بەهاکەی خۆی لەدەستداوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و هەژاری و خراپی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان.



ڕیکلام