سەباح هەورامی: ئەگەر هاوڵاتیان ژیانی خۆیان لا گرنگ نەبێت ژمارەی گیان لەدەستدان زۆر زیاتر دەبێت

  2020-10-22  | 
سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی داوا دەکات، هاوڵاتیان پابەندی بەستنی دەمامک و دەستکێش بن و دوور بکەونەوە لە قەرەباڵغی، دەشڵێت، ئەگەر هاوڵاتیان ژیانی خۆیان لا گرنگ نەبێت ژمارەی گیان لەدەستدان زۆر زیاتر دەبێت.

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "ئەوەی کە لەسەرمانە و پێویستمانە بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردوومانە و بە نوێنەرانی کوردمان ووتوە لە بەغدا بۆ هاوکاری و ئەوانیش بەلێنیانداوە دەنگی ئێمە بگەیەننە بەغدا".

جەختی لەوەشکردووەتەوە، لەسەر هاوڵاتیان پێویستە پابەندی بەستنی دەمامک و دەستکێش بن و رێکارەکانی خۆپارێزی و دورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی بگرنەبەر، دەشڵێت، "ئەگەر هاوڵاتیان ژیانی خۆیان لا گرنگ نەبێت ژمارەی گیان لەدەستدان زۆر زیاتر دەبێت".

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ٦٦ هەزار و ١٣١ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار ٢٤٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٨ هەزار و ٨٠٧ نەخۆشیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.




ڕیکلام