روسیا مافی پەنابەرێتی هەمیشەیی دایە ئێدوارد سنۆدن

  2020-10-22  | 
راوێژكاری پێشووی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا
ئەرشیڤ
مۆسکۆ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
روسیا مافی پەنابەرێتی هەمیشەیی دایە ئێدوارد سنۆدن راوێژكاری پێشووی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا.

ئەنتۆڵی کوچەرەنا پارێزەری ئێدوارد سنۆدن بە ئاژانسی هەواڵی ریانۆڤێستی راگەیاندووە، ئێدوارد سنۆدن راوێژكاری پێشووی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا لە دواجاردا توانی مافی پەنابەرێتی هەمیشەیی لە روسیا وەربگرێت.

ئیدوارد سنۆدن-ی تەمەن ٣٧ ساڵ، راوێژکاری پێشووی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکایە و لە ساڵی ٢٠١٣دا سەدان زانیاریی لەسەر ئاژانسە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکان جاسوسی بەسەر هاوڵاتیانی خۆیەوە دەکات ."

دوای درکاندنی ئەو زانیاریانە، سنۆدن لەلایەن ئەمریکاوە بە سیخۆڕ لەقەڵەمدرا، هەربۆیە ناچاربوو وڵاتەکەی جێبهێڵێت و سەرەتا چووە هۆنگ کۆنگ و دواتر رووی لە ڕوسیا کرد و لە ساڵی ٢٠١٣وە لە روسیا دەژی.

پێشتر و لە چەند چاوپێکەوتنێکدا ئێدوارد سنۆدن رایگەیاند، کە ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام بەو مەرجەی "دادگاییەکی دادپەروەرانە" بکرێت.

ماوەیەک لەمەوبەریش، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، کە دەیەوێت چاوێک بە کەیسی ئێدوارد سنۆدندا بخشێنێتەوە و بیریش لە دەرکردنی بڕیارێک بکاتەوە بۆ لێخۆشبوونی .

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچوونی خەڵکی وڵاتەکەی لەبارەی سنۆدنەوە جیاوازە، هەندێک پێیانوایە خیانەتکارە و هەندێکیش دەیانەوێت بە شێوەیەکی جیاوازتر لە هاوڵاتی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت .