مەزڵوم عەبدی: هەسەدە بەشێک دەبێت لە سوپای سوریا بەڵام بەم شێوەیەی ئێستایەوە

  2020-10-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، هێزەکانیان خاوەنی بڕیار بەدەستی ناوچەکانیان و هێزەکانی ڕوسیاش میوانن و هێزەکانی هەسەدە بەشێک دەبن لە سوپای سوریا، بەڵام بەم شێوازەی ئێستایەوە.

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ئەمریکا سەبارەت بە دوا پێشهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، مەزڵوم  عەبدی (مەزڵوم کۆبانێ) ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕوسیا میوانن لەناوچەکانی ئەوان و بەشدارن لە دەورییەکانیان، بوونی ئەو هێزانەش لەو ناوچانە بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە بووە، کە دواتر داگیرکردنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای لێکەوتەوە.

سەبارەت بە ڕۆڵی ڕوسیاش لە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ، عەبدی ڕایگەیاند، مۆسکۆ پشتیوانی حکومەتی دیمەشق دەکات و نایەوێت فشاری بخاتە سەر بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانی.

دەربارەی داهاتووی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات، مەزڵوم عەبدی جەختیکردەوە، هێزەکانیان بەشێک دەبن لە سوپای سوریا، بەڵام بەم وێنە و تایبەتمەندییەی ئێستایەوە، هەروەها جەختیشیکردووەتەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا.

ڕاپۆرتەکەی فۆرن پۆلیسی باسی لەوەشکردووە،  روسیا لەوباوەڕەدابووە، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەوناوچانە، ئەوا بە ئاسانی دەکەونەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی سوریا، هەروەک چۆن پارێزگاکانی خەڵەب و حومس کەوت، بەڵام لەم ناوچەیە ئەوە رووی نەدا کە چاوەڕوان دەکرا.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتی گۆڤارەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرباری ئەو بەربەست و ڕێگرییە قورسانە بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ماوەی  هەشت ساڵە خۆی گرتووە و بەردەوامە و لە ئێستا یەک لەسەر چواری خاکی سوریا بەڕێوە دەبات، تەنانەت دوو هێندە موچە دەدات بە کارمەندەکانی ، گەر بەراورد بکریت لەگەڵ ئەو ناوچانە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتدایە.

دەربارەی ڕۆڵی ڕوسیا لە ناوچەکە، گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ڕوسیا پەنا بۆ جۆرێکی دیکە لە فێڵ دەبات، بەشێوەیەک داوای هێزی زیاتری ڕوسیای کردووە بۆ ناوچەکە، هەروەها لەڕێگەی دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان کورد و عەرەب و ناکۆکی تایەفیدا دەیەوێت هێزەکانی هەسەدا دابەش بکات.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا فۆرن پۆلیسی ڕایگەیاندووە، ئێستا کاتی ئەوەیە واشنتۆن دەستبەرداری ئەو سیاسەتەی لەوەبەری بێت لەگەڵ هەسەدەدا، کە تەنها وەک هاوبەشی شەڕی داعش سەیری دەکردن، بەڵکو دەبێت لەڕووی سیاسییەوە پشتیوانیان بکات، بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر ئارامتر بێت و ببێتە جێگرەوەی ڕژێمی سوریا، بۆیە تەنها دانپێدانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای پێویستە.

 



ڕیکلام