پۆلیسی دهۆک: بە هیچ شێوەیەک بێڕێزی بە تۆمەتباران نەکراوە

  2020-10-22  | 
دهۆک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک رەتیدەکاتەوە بێڕێزیان بە تۆمەتباران کردبێت و دەڵێت، ئەو کەسانەی ئەمڕۆ دەستگیرکراون، بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون و بە جوانترین شێوە رەفتاریان لەگەڵدا کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی١٠ی٢٠٢٠، لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵی میدیایی وابڵاوکرایەوە کە لە دهۆک ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیرکراون و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا بێڕێزیان پێکراوە و دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیراوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئەو هەواڵە رەتدەکەنەوە و رایدەگەیەنن، "ئەوە بەهیچ شێوەیەک رووینەداوە و ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و هەندێک کەس و لایەن لەو رێگەیەوە هەوڵی تێکدانی ئارامی پارێزگای دهۆک دەدەن و بۆ ئەو مەبەستەش هەواڵی ناڕاست و بێ بنەما بڵاودەکەنەوە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، راستی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ چەند تۆمەتبار لە دهۆک دەرچووە و دواتر پۆلیس و دەزگای ئەمنیی بە سەرپەرشتی عەمید شعلان ئەحمەد، وەکو هەر جۆرە فەرمانی دەستگیرکردنی دیکە، کاری خۆیان جێبەجێ کردووە".

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک راشیگەیاندووە، "هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ جۆرە بێڕێزییەک بە تۆمەتباران نەکراوە و ئەو کەسانی دەستگیرکراون، بە جوانترین شێوە رەفتاریان لەگەڵدا کراوە و رەوانەی دادگا کراون".

ئەم بەیاننامەیەی پۆلیسی پارێزگای دهۆک دوای ئەوە دێت کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی١٠ی٢٠٢٠، هێزە ئەمنییەکانی دهۆک چونە سەر ماڵی مامۆستا شڤان سەعید و بە جلوبەرگی نوستنەوە دەستگیریانکرد.

لەوبارەیەشەوە ئەیهان سەعید برای مامۆستا شڤان ڕایگەیاند، "چەند هێزێکی چەکداری دەمامکدار بە شێوازێکی ترسناک چۆنەتە سەر ماڵی براکەی و لەبەر چاوی هاوسەر و منداڵەکانی بە لێدان و جلی نوستنەوە ڕفاندویانە و هەڕەشیان لە هاوسەر و منداڵەکانی کردوە".