ئەمریکا: سودان و ئیسرائیل پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

  2020-10-23  | 
عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی سودان و بنیامنین نەتەنیاخۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوێکی ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، سودان و ئیسرائیل لە ئامادەکاریدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و بۆ ئەو مەبەستەش ڕاگەیاندنێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە.

ماڵپەڕی حورەی ئەمریکا لە زاری ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمریکاوە  بڵاویکردەوە، لێپرسراوە ئەمریکییەکان چاوەڕواندەکەن ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی هەردوو حکومەتی ئیسرائیل و سودان پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن، بۆ ڕاگەیاندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

لەلایەکی ترەوە رادیۆی فەرمی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەکانی حکومەتی سودانەوە بڵاویکردەوە، چاوەرواندەکرێت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی چوار لایەنە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی سودان و عەبدوڵا حەمدوک سەرۆکی حکومەتی سودان ئەنجام بدرێت، سەبارەت بە ڕێککەوتن لەسەر ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا.

ئەو هەنگاوەش لەکاتێکدایە، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی بە نیازە ناوی سودان لە لیستی وڵاتەکەیدا دەربکات، کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن.

کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، سودان بڕی ٣٣٥ ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو پێشکەش بە سندوقی خێزانی قوربانیان تیرۆر کردووە.



ڕیکلام