لە دۆسیەی ساختەكردنی پسوڵەی گومركی فافۆندا ناوی 40 كەس هاتووە

  2020-10-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوو پەرلەمانتاری گۆڕان رایدەگەیەنن 40 كەس ناویان لە ساختەكاری وەسڵی گومركی فافۆندا هاتووە بە پێویستی دەزانن سەرجەمیان دەستگیر بكرێن و بدرێن بە دادگا.


هەریەكە لە عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن "40 كەس لە ساختەكاری وەسڵی فافۆندا ناویان هاتووە، وەسڵی گومرگیان ساختە كردوە و بەبێ گومرگ فافۆنیان بردوەتە دەرەوە، كە گومرگی فافۆن بۆ هەر تۆنێك 250 دۆلارە". 

ئەوەش لە كاتێكدایە كە باوكی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان دەستگیركرا و كورشەكەشی تۆمەتباركراوە بە د\ەست هەبوونی لەو دۆسیەیەدا، پەرلەمانتارەكانی گۆڕان باسی ئەوەشیانكردووە ژمارەیەكی كەم لەوانەی ناویان لە دۆسیەكەدا هەیە فەرمانی دادگایان بۆ دەرچوە و بەشێكی فەرمانەكەش جێبەجێ نەكراوە.

عەلی و دابان داوا دەكەن "هەركەسێك لەم دۆسیەدا ناوی هاتبێت لە هەر پۆست و بەرپرسیاریەكدا بێت، پێویستە دادگا سەروەر بێت و لە دادگایەكی دادپەروەرانەدا دادگایی بكرێت".

ئەوان بەبیریان هێناوەتەوە كە بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی ئەو دۆسیەیە و دەشڵێن نابێت هیچ بەرپرسێكی ئەمنی و حزبی بە هەرەشەكردن و چاوسوركردنەوە لە دادوەران یان كەسی دیكە، كار بۆ داخستنی ئەم دۆسیە و دەربازكردنی تۆمەتباران بكات.


ڕیکلام