سەرباری گەمارۆکانی ئەمریکا ئێران بەرهەمە نەوتییەکان هەناردەی عێراق دەکات

  2020-10-25  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەندیکای هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ڕایگەیاند، سەرباری گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەی، بەڵام هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بۆ عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕانەگیراوە.

حەمید حسەینی وتەبیژی سەندکای هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی فارسی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، لە ٦٠%ی هەناردەی بەنزین ئێرانی دەچێت بۆ بازاڕەکانی عێراق.

سەبارەت بە دەستکەوتنەوەی داهاتەکانی ئەو بەرهەمە نەوتییانە کە گەمارۆی ئەمریکای بەسەردا سەپێنراوە، حسەینی ڕایگەیاند، هیچ کێشەیەکیان نییە، چونکە یاخود لەڕێگەی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەگوازرێنەوە، یاخود بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ رادەستی بازرگانە ئێرانییەکان دەکرێت.

سەبارەت بە داهاتەکانی کارەبا و غازی وڵاتەکەی کە هەناردەی عێراقی دەکات، ئەو لێپرسراوە ئێرانییە ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکان کە پارێزگاری بانکی ناوەندیی و وەزیری رێگاوبانی ئێران لەگەڵ لێپرسراوە عێراقییەکان لە بەغدا ئەنجامیان داوە، گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەو بارەیەوە.

ڕوونیشیکردەوە، عێراق بڕی ٥ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە بەهۆی هاوردەی کارەبا و غاز لەو وڵاتەوە، لەم دواییانەشدا حکومەتی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر رادەستکردنی ئەو بڕە قەرزەی ئێران کە لەسەر کەڵەکە بووە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتەبێژی سەندکای هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران ئاشکرایکرد، بەشێک لەو داهاتەی نەوت و غازی ئێران لە بانکی عێراقی پارێزراوە، کاتێک کۆمپانیا ئێرانییەکان کەلوپەل لە کۆمپانیا بیانییەکانەوە هاوردە دەکەن، پارەکانی لەلایەن بانکی عێراقەوە خەرجدەکرێت کە پەرەکانی ئێرانی تیا دانراوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا حسەینی جەختیکردەوە، ئەو پارانەی کە لە بانکە عێراقییەکاندا هەڵدەگیرێت، بۆ کڕینی کەلوپەلە زۆر پێویستەکان خەرج دەکرێت کە ئێران پێویستیەتی بە تایبەت دەرمان.



ڕیکلام