ئیسرائیل کۆمەکی مرۆیی گەیاندە ئازەربایجان

  2020-10-25  | 
کاریگەریی هێرش و بۆردومانەکانی جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی "یەدعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل کۆمەکی مرۆیی بۆ ئازەربایجان ڕەوانە کردووە، کە بەشێکی کۆمەکی پزیشکی و داودەرمانە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو چەک و جبەخانە و کەلوپەل سەربازیی بە ئازەربایجان فڕۆشتووە، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردووشدا کۆمەکی مرۆیی کە پێکهاتووە لە پێداویستی پزیشکی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئازەربایجان بەدوایانە داوای کۆمەکی مرۆیی و پزیشکی کردووە، بۆ هاوکاریکردنی ئەو دەیان هاوڵاتییەی کە بەهۆی هێرشەکان ی ئەرمینیاوە زیانیان پێگەیشتووە، کە جگە لە کوژرانی ١٥ کەس بە دەیان هاوڵاتی دیکەش ئاوارە بوون.

لەدوای ئەو داوایە ئازەربایجان حکومەتی ئیسرائیل گەرمکەرەوە و جلوبەرگی زستانە و بەتانی و کەلوپەلی پزیشکی سەرەتایی و پێداویستی سەرەکی بۆ ئەو وڵاتە ڕەوانە کردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئازەربایجان سەردانی شاری کنجەی ئەو وڵاتەی کردووە، هاوڵاتیان و مالەکانی بەسەرکردووەتەوە، کە بەهۆی جەنگ و هێرشەکانەوە زیانی پێگەیشتووە.

جێی باسە دوو هەفتە لەمەوبەر حکومەتی ئیسرائیل پێشنیازی ناردنی کۆمەک و هاوکاریی مرۆێی کردووە بۆ ئەرمینیا، بەڵام تا ئیستا هیچ وەڵامێکی پێ نەگەیشتووەتەوە.

 



ڕیکلام