فەڕەنسا داوا لە وڵاتە ئیسلامییەکان دەکات کاڵاکانی بایکۆت نەکەن

  2020-10-25  | 
پاریس
فەڕەنسا داوا لە وڵاتە ئیسلامییەکان دەکات کاڵاکانی بایکۆت نەکەن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامییەکان کرد، وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە، کاڵاکانی بایکۆت نەکەن.

16ـی ئەم مانگە گەنجێکی پەنابەر بەناوی عەبدوڵا ئەنزورۆف بە رەگەز چیچانی بەچەقۆ مامۆستایەکی بەشی مێژوی سەربڕی، دوای ئەوەی مامۆستاکە وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامی نیشانی خوێندکارەکانی دابوو، دوابەدوای رووداوەکەش ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە مامۆستا سەربڕاوەکە وتارێکی لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئازادی و بەیداخی عەلمانیەت بەرز رادەگرین".

راشیگەیاند، "واز لە کاریکاتۆر ناهێنین و واز لە وێنە دەستییەکان ناهێنین، ئەگەر ئەوانیدیکەش پاشەکشە بکەن، هەموو ئەو هەلانەی لەسەر شانی کۆمارن بۆ هەموو گەنجانی دەڕەخسێنین بەبێ جیاکاری".

ئەم وتانەی ماکرۆن کاردانەوەی گەورەی لە وڵاتە ئیسلامییەکان لێکەوتەوە و لە بەشێک لە فرۆشگاکانی کوێت و ئۆردن و قەتەر، کاڵا فەڕەنسییەکان کۆکرانەوە و بایکۆت کران.

لەو چوارچێوەیەشدا لە چەند وڵاتێک وەک لیبیا و سوریا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کەمپەینێک بۆ بایکۆتکردنی کاڵای فەڕەنسی دەستیپێکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاندووە، بەڕێوەچوونی کەمپەینی بایکۆتکردنی کاڵای فەڕەنسی بێ بنەمایە و لەلایەن کەمینەیەکی رادیکاڵەوە بەڕێوەدەچێت.

هەر ئەمڕۆش ئیمانوێل ماکرۆن تویتێکی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە  و رایگەیاند، "هیچ شتێک وامان لێنکات هەرگیز پاشەکشە بکەین و رێز لە هەموو بۆچوونێکی جیاواز دەگرین بە گیانێکی ئاشتیانەوە".

وتیشی، "هەرگیز وتاری رق و کینە قبووڵ ناکەین و بەرگریی لە گفتوگۆی ژیرانە دەکەین، هەمیشە لەگەڵ شکۆی مرۆڤ و بەها جیهانییەکان دەوەستینەوە".




ڕیکلام