دکتۆر فاوچی: پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست دەبێت

  2020-10-25  | 
دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان
ئەرشیڤ
واشنتن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان رایگەیاند، پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ ڤاکسینی کۆرۆنا، بۆ ئەمریکییەکان بەردەست دەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی بی بی سی، دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان رایگەیاند، ئەوەی ئێستا کاری لەسەر دەکرێت تاقیکردنەوەیە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و کاریگەریی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەگەر کاریگەری ڤاکسینەکە بسەلمێنرێت، پێشبینی دەکرێت پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ و لە مانگی ١٢دا ڤاکسینەکە لە ئەمریکا ئامادە دەبێت بۆ دابەشکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا ڤاکسینەکە سنوردار دەبێت و تەنها لە چەند کەسێک دەدرێت.

بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان راشیگەیاند، دەبێت تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی ڤاکسینەکە بۆ هەموو کەس بەردەست بێت.

بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە  43 ملیۆن و ٢٦٠ هەزار و ٣٧٤ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش  زیاتر لە ملیۆنێک و ١٥٧ هەزار و ٧٠٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٣١  ملیۆن و ٨٢٧ هەزار و ٥٧٧ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.