لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی عێراق 225 کەس بریندار بوون

  2020-10-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لەسەرانسەری وڵاتدا، ٣٢ خۆپیشاندەر و ١٩٣ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

لە بەیاننامەیەکدا کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، تیمەکانی کۆمسیۆن لە میانی چاودێریکردنی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و پارێزگانی دیکە، کە دوێنی بەبۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ڕابردوەوە بەڕێوەچوون، دەرکەوتووە ٣٢ خۆپیشاندە و ١٣٨ کەسیش لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

هۆکاری ئەو کارە توندوتیژیانەش لە هەندێک شوێن هەندێک لە خۆپیشاندەران سێ نارنجۆک و چەندین بۆمبی مۆلۆتۆفیان لەدژی هێزە ئەمنییەکان بەکارهێناوە، زۆربەی توندوتیژییەکانیش لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بووە و لە شارەکانی دیکەی عێراق هیچ ڕوداوێکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە.

کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی داوای لە خۆپیشاندەران کرد، پاریزگاری بکەن لە ئاشتیخوازێنی خۆپیشاندانەکان و رێگە نەدەن بەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئاراستەکەی بگۆڕن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، داواشی کردووە پابەند بەو شوێنانەی کە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان دیاریکراوە و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بکەن، لە پێناو پاراستنی دامەزراوە تایبەت و گشتییەکان لە وڵاتدا.

دواشی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، دانبەخۆیاندا بگرن و توندوتیژی پەیرەو نەکەن لە بەرامبەر خۆپیشاندەران و تەنها چاویان لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بێت کە خۆی دەبینیتەوە لە پاراستنی خۆپیشاندەران و بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆیان.

دوێنێ لە یەکەم ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ڕابردوو، بە سەدان هاوڵاتی عێراقی کە بەشێکیان لە پارێزگاکانی دیکەوە هاتبوون لە گۆڕەپانی تەحریری خۆپیشاندانی فراوانیان ڕێکخست، دواتر لە هەندێک شوێن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان پێکاهەڵپژان.



ڕیکلام