لەمساڵدا زیاتر لە 14 هەزار هاوڵاتی هەرێم کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە

  2020-10-26  | 
سلێمانی
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران
فۆتۆ: تیشکۆ سدیق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەس لە هەرێمی کوردستان کۆچیانکردووە بۆ دەرەوەی وڵات کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوون.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، سەرباری راگرتنی گەشتە ئاسمانی و زەمینییەکان بەهۆی سەرهەڵدانی کۆرۆنا، ئەمساڵ کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامی هەبووە و هۆکاری سەرەکیشی بۆ ئەو بارودۆخە نەخوازراوە دەگەڕێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، بەتایبەتی دابەشنەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان.

ئاشکراشیکرد، بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە ١٠ مانگی ئەمساڵدا ٣٢ هەزار هاوڵاتی عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ١٤ هەزار و ٥٠٠ کەسیان خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بوون.

ئاری جەلال وتیشی، "جگە لەو ژمارەیە، رێژەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەن کە تاوەکو ئێستاش داوانامەی پەنابەرێتییان پێشکەش نەکردووە و لە کەمپ و گرتوخانەکانی یۆنان و تورکیا و دورگەکان ماونەتەوە، ئەگەر ئەوانەش هەژمار بکرێن، دەتوانین بڵێین کە لەماوەی ئەمساڵدا نزیکەی ٥٠ بۆ ٥٥ هەزار کەس لە هەرێم و عێراق کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەمساڵدا، ٣٠ هاوڵاتی لە رێگای ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە کە تەنها دوو کەسیان بەڕەگەز عەرەب بوون و ئەوانی دیکە کورد بوون.

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران راشیگەیاند، بەپیێ ئەو بەدواداچوونەی کە کۆمەڵێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوویانە، لە هەرێمی کوردستان، خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک زیاتر کۆچیان  بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.

 



ڕیکلام