پارێزەری شێروان شێروانی زانیاری نوێ لەبارەی ناوبراوەوە بۆ ژیان ئاشکرا دەکات

  2020-10-26  | 
هەولێر
رۆژنامەنووس شێروان ئەمین، ناسراو بە شێروان شێروانی
ئەرشیڤ
 دیار حسێن
دوای ١٩ رۆژ لە دەستگیرکردنی، ئەمڕۆ پارێزەری شێروان شێروانی توانی سەردانی ناوبراو بکات و چاوی بە بریگرتەکەی کەوت.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، محەمەد عەبدوڵڵا عوسمان پارێزەری شێروان شێروانی رایگەیاند، ئەمرۆ دووشەممە ٢٦ی١٠ی٢٠٢٠، توانیمان بۆماوەی پێنچ خولەک چاومان بە شێروان شێروانی لە ئاسایشی گشتیی شاری ھەولێر بکەوێت کە لە ژووری تاکەکەسیدا بوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چاوپێکەوتنەکەدا شێروان شێروانی وتوویەتی کە تەندروستی باشە و ئەشکەنجەش نەدراوە بەڵام دڵگرانە لەوەی کە ١٩رۆژە لە ژووری تاکەکەسی راگیراوە بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی ھەواڵی ژیان سەبارەت بەوەی کە بۆچی تاوەکو ئێستا شێروان شێروانی نەنێردراوەتە بەردەم دادوەر،  محەمەد عەبدوڵڵا رایگەیاند، "ئێمە چەندین جار داوامان کردووە رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە بکرێت و پێیانوتووین کە  لە داھاتوویەکی نزیکدا شێروان شێروانی رەوانەی دادگا دەکرێت" .

وتیشی، 'تائێستا ھیچ بەڵگەیکی باوەڕپێکراوە نیشانی ئێمە نەدراوە کە بیسەلێمنێت شێروانی تاوانبارە، تەنها کۆمپیوتەرەکەیان کردۆتەوە و ناشزانرێت چی تێدایە".

ئێوارەی ٧ی ئەم مانگە، رۆژنامەنووس شێروان ئەمین، ناسراو بە شێروان شێروانی لە سێبیرانی شاری ھەولێر لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا.

دواتر بنەماڵەکەی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، "ئەزانین زیاتر لە پانزە ساڵە شێروان باجی کاری رۆژنامەنووسی و دڵسۆزی بۆ خەڵکی کوردستان دەدات، لەم پێناوەش چەندان جار زیندانی کراوە، غەرامەکراوە، ئەشکەنجەدراوە، تووشی سەدان جۆر لە هەڕەشە و سوکایەتی بووەتەوە، بەڵام هیچ کام لەجارەکانی پێشوو بەقەدەر ئەم جارەیان مەترسی راستەقینە بۆ سەر گیانی دروستنەبووە، بێ ئەوەی بچوکترین هەڵە یاخود کاری نایاسایی کردبێت".



ڕیکلام