لە سلێمانی و هەولێر نزیكەی 4500 خوێندكار و مامۆستا تووشی كۆرۆنا بوون

  2020-10-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریكاری وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، لەسەرەتای دەسپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنەوە تا ئێستا نزیكەی 4500 مامۆستا و كارمەند و خوێندكاری پەروەردە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوون .


سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند "لەسەرەتای دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندنەوە لە 27/9 تا ئێستا بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی لەبەردەستماندایە 4391 مامۆستا و قوتابی ئەوانەی دەوام دەكەن لەشاری هەولێر و سنوری پارێزگای سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوون". 

ئەو باسی لەوەشكرد ئەو ئامارە ئاماری كۆتایی و فەرمی نیە بەڵام بڕیارە بەمزوانە ئامارە فەرمیەكە بكەنەوە و دەشڵێت " بڕیاری ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن لەدەست وەزارەتی پەروەردەدا نیە بەڵكو بڕیارەكە دەگەڕێتەوە بۆ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەژێر سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیراندا". 

بریكاری وەزیری پەروەردە دەشڵێت "بەش بەحاڵی خۆم ڕزگاركردنی گیانی یەك قوتابی و یەك مامۆستا زۆر گرنگترە لەوەی كەساڵێكی خوێندن بفەوتێت یان نەفەوتێت، بەڵام دەبێت ئێمە كارێك بكەین نە پرۆسەی ساڵێكی خوێندن لەدەست دەربچێت و پەكی بكەوێت نە ژیانی خەڵكیش بخەینە مەترسیەوە"

سەیوان عەلی باسی لەوە كرد كە ئامارەكانی هەڵەبجە و دهۆك بەشێوەیەكی تەواو ی وردەكاری لەبەردەستیاندا نیە وتیشی" ئاماری گشتی ڕێكوپێك تەنها بۆ پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانی بەهەندێك قەزاكانیەوە هەمانە، ئامارەكە لەهەولێر هەموو حاڵەتەكان لەمامۆستایان نزیكەی 1700 بەركەوتەمان هەیە، واتە تووشبوومان هەیە 448 فەرمانبەر تووشبووە ، 1443 قوتابیش تووشبووبون،  دوو حاڵەتی مردنیش هەیە كەمامۆستان."

ئێستا لەناو شاری سلێمانیدا لەپەروەردەی ڕۆژهەڵات 43 خوێندكار تووشبوومان هەیە، 34 مامۆستا و 5 فەرمانبەریش تووشبوون، لەپەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی 78 خوێندكار تووشبوو هەیە، 94 مامۆستا و 23 فەرمانبەر تووشبووە، لەچەمچەماڵ و پشدەر و شارباژێر و ڕانیە توشبوومان هەیە، كۆی گشتی تووشبوو لەسلێمانی دەگاتە نزیكەی 800 مامۆستا و قوتابی بەهەموو قەزاكانیەوە. "


ڕیکلام