لاهور شێخ جەنگی نوێنەری هاوپەیمانان باسیان لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کرد

  2020-10-27  | 
دیداری لاهور شێخ جەنگی و نوێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ سەرپەرشتیاری پرۆژەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کۆبۆوە و گفتوگۆیان کرد دەربارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا لاهور شێخ جەنگی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا لەگەڵ  ستیڤ پاکەرین سەرپەرشتیاری پرۆژەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە "جەختمکردووەتەوە کە پشتگیریی تەواوی پرۆسەی چاکسازیی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم، هەر دامەزراوەیەکی سەربازیی  پێویستی بە چاکسازیی و یەکخستنەوە هەبێت نابێت بە بیانوی جۆراوجۆر رێگریی بۆ دروستبکرێت بەتایبەت یەکەکانی ٧٠ و  ٨٠، هاوکات بنەمای یەکسانی رەچاوبکرێت بەتایبەت لە دابەشکردنی هاوکارییە سەربازییەکاندا".

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت چاکسازیی هەموو جومگەکانی حکومەت بگرێتەوە، حکومەت بەیەکسانیی کار بۆ شار و شارۆچکەکانی هەرێم بکات و  دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی رێکبخرینەوە.

 لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەەشکردووە، هەر لە دیدارەکەدا  باسیان لە بەردەوامی مەترسیەکانی داعش کرد و داوایانکردووە،  هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە  مەشق و راهێنان و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت .