عێراق.. 24 هەزار فەرمانبەری دیکەی دوو موچەیان ئاشکرا کران

  2020-10-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاشکرایکرد، ٢٤ هەزار کەس زیاتر لە موچەیەک وەردەگرن لە ناو فەرمانگە جیاوازەکانی دەوڵەتدا.

عادل حاشوش ریکابی وەزری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە لیدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند "لە ئەنجامی ئەو بەدواچوونەی کە وەزارەتەکەمان ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە ٢٤ هەزار کەس زیانر لە موچەیەکیان هەیە، جا ئەو کەسانە فەرمانبەر بن یان خانەنشین لەناو فەرمانگە جیاجیاکانی دەوڵەتدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا وەزارەتەکەی تەواو نەبووە لە وردبینیکردنی ئەو کەسانەی کە دوو موچە و زیاتر وەردەگرن، کە هەیانە سەرباری موچەی هاوکاری بیمەی کۆمەڵایەتی لە شوێنی دیکەش موچە وەردەگرێت.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕوونیکردەوە، پرۆسەی وردبینیکردن بەردەوامە و هێشتا کەمتر لە نیوەی فەرمانگەکانی دەوڵەت وردبینکردنیان بۆ کراوە.

داواشی لە فەرمانگەکانی دەوڵەت کرد، هاوکاری وەزارەتەکەی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە زووترین ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە.

ئاشکرایشیکرد، لە ئەنجامی ئەو وربینکردنانە تا ئێستا نزیکەی ٨ ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزینەی دەوڵەت.

ئەوەش لە کاتێکدایە مانگی ڕابردووش وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ٢٠ هەزار فەرمانبەریان ئاشکرا کردووە، کە لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دوو موچەیان وەرگرتووە.

پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراق هەن، هۆشداریشیدا لەوەی کە قەیرانی ئابوری کێشەی ئەمنی و ئاسایش لە وڵاتەکە زیاتر دەکات.