بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک خێزانێکی پێنج کەسی کورد گیانیان لەدەستدا

  2020-10-28  | 
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک خێزانێکی پێنج کەسی کورد گیانیان لەدەستدا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە هۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە ئاوەکانی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا، پێنج ئەندامی خێزانێکی کوردی شاری سەردەشتی سەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان، گیانیان لەدەستدا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی١٠ی٢٠٢٠، لە ئاوەکانی مانش لەنێوان فەڕەنسا و بەریتانیا بەلەمێک بە ٢٧ سەرنشینەوە ژێرئاو کەوتووە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی رووداوەکەوە پێنج ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی ”گوڵێن“ی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ، گیانیان لەدەستداوە.

هەنگاو ناسنامەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لە دەستداوە، بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە:

- ڕەسوڵ ئێران نژاد تەمەن ٣٥ ساڵ

- شیوا محەمەدپەناهی تەمەن ٣٥ ساڵ

- ئانیتا  ئێران نژاد تەمەن ٩ ساڵ

- ئارمین  ئێران نژاد تەمەن ٦ ساڵ

- ئارتین  ئێران نژاد تەمەن ١٥ مانگ

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راشیگەیاندووە، تەرمی چوار کەسی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن تیمەکانی پشکێنەرەوە دۆزراونەتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەرمی ئارتینی ١٥ مانگە، نەدۆزراوەتەوە.

هاوکات تۆڕی هەواڵی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، ١٥ سەرنشینی دیکەی بەلەمەکە کە سەرجەمیان ئێرانی بوون، رەوانەی نەخۆشخانە کراون و پێشبینی دەکرێت، دوو کەسەکەی دیکەش گیانیان لەدەستدابێت.



ڕیکلام