تورکیا.. پزیشکیکی تایبەت بە تووشبوانی کۆرۆنا بە تۆمەتێکی سیاسی دەستگیر کرا

  2020-10-28  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی تورکیا پزیشکێکیان لە زانکۆی کوجانی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبوانی کۆرۆنایان دەستگیر کردووە، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە گروپی فەتحوڵا گویلەنی سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەتەوە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو پزیشکەیان گێڕایەوە بۆ ئەوەی لە بەشێکی ناوخۆیی ماوەتەوە، کە لە لایەن بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گویلەنەوە بەڕێوە براوە.

خێزانی ئەو پزیشکەی دەستگیر کراوە، دەڵێت هێشتا مانگێک تێنەپەڕیووە بەسەر  پرۆسەی هاوسەرگیریەکەیاندا، بە ناکاو دەستگیر کراوە و خراوەتە زیندانەوە، دەستگیرکردنەش لەسەر بنەمای شاهیدی نهێنی ئەنجام دراوە و هیچ بەڵگەیەکی تۆمەتبار لە دژی نەبووە و خۆی چووە بۆ بنکەی پۆلیس بۆ تۆمارکردنی وتەکانی.

لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەو پزیشکە  عومەر فاروق جەرجەرلی پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلانی کورد - هەدەپە سەر بە شاری کوجا و ئەندامی لیژنەیمافی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا بە نیگەرانییەوە ڕایگەیاندووە "ئافەرین زانکۆی کوجالی، پزیشکێتان دەستگیر کردووە بە هەموو توانای خۆیەوە ڕوبەڕوی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە، تەنها لەسەر وتەو گێرانەوەی کەسێک کە وتوویەتی لە بەشی ناوخۆیی بزوتنەوەی خزمەت ماوەتەوە، ئایا نەخۆشی مەترسیدارترە یان ژیری و بیرکردنەوەی نەخۆش"؟

لە دوای کودەتا شکستخواردووەی مانگی تەموزی ٢٠١٦ی تورکیا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی فراوانیان دەستپێکرد، لەدژی لایەنگرانی بزوتنەوەی خزمەت بە تۆمەتی بەشداریکردن و نەخشەدانانی کودەتا، بەڵام ئەو تۆمەتانە لەلایەن فەتحولا گویلەن سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەتەوە رەتکرایەوە.

 



ڕیکلام