ئێران.. مردن بە کۆرۆنا لە رۆژێکدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد

  2020-10-28  | 
تاران
مردن بە کۆرۆنا لە رۆژێکدا لە ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤١٥ توشبووی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش بۆ یەکەم جارە کە ئەو ژمارە زۆرە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەو وڵاتە گیان لەدەستدەدەن.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا شەش هەزار و ٨٢٤ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەمان تۆمارکراوە، کە دوو هەزار و ٤٩٠ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

وتیشی، "بەداخەوە هەر لەو ماوەیەدا ٤١٥ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی مردوودانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٣٣ هەزار و ٧١٤ کەس".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پێنج هەزار و ١٢ توشبووی کۆرۆنا باری تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٨٨ هەزار و ٦٤٨ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٣٣ هەزار و ٧١٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٤٦٧ هەزار و ٩١٧ توشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە بەرپرسانی ئێران پێیانوایە، ژمارەی راستیی توشبووان و مردووانی کۆرۆنا چوار هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە.



ڕیکلام