ئاسایشی راپەڕین روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

  2020-10-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لەبارەی دیارنەمانی بەرپرسێكی هاوپەیمانی نیشتیمانی روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت بە هەڵە لێكدانەوە بۆ لێدوانێكیان كراوە.


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە روونكردنەوەیەكدا بە بێ ئەوەی ناوی بهێنێت لە بارەی دیار نەمانی محەمەد عەوڵا رەسوڵ ناسراو بە مامۆستا محەمەد گرتكی، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و بەرپرسی دەڤەری راپەڕینی هاوپەیمانیی نیشتمانی دەڵێت "بەهەڵە لێكدانەوە بۆ لێدوانێكی ئاسایشی ڕاپەڕین لەو بارەیەوە كراوە، چونكە ئاسایش ناوی هیچ لایەنێكی سیاسی نەهێناوە".

ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی دیار نەما میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەو كەسایەتیە لە سنوری دەسەڵاتی پەكەكە دیار نەماوە و لە زاری چەند كەسێكیشەوە گواستیانەوە كە پەكەكە دەستگیری كردووە. 

ئاسایشی راپەڕین ئەوەی روونكردووەتەوە "چەند كەناڵێك دور لە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی بەشێوەی جیا جیا و بەمەبەستی بەلاڕێدا بردنی كەیسەكە و بەسیاسی كردنی و تۆمەتباركردنی لایەنی نادیار و بە ئامانجی دروستكردنی بارگرژی لەسنورەكەدا  بەهەڵە لێكدانەوەیان بۆ بابەتەكە كردەوە".

 ئاسایشی ناوچەكە راشیگەیاند، ئەو هاوڵاتییە لەسنوری ئەواندا سەلامەت بووە، بە هیچ شێوەیەك ئاگادارنین كە رفێنرابێت یان دەستگیركرابێت ئەوەشی وتووە كە ئەوان ئاگادار نین كە "بۆ كوێ و چۆن و كەی و كێ و یا چ لایەنێك مامەڵەی ڕفاندن یاخود دەستگیركردنی بەرامبەر هاوڵاتیەكه كردووە، ناوی هیچ لایەنێكیش نەهێنراوە لە لێدوانمان بۆ هیچ كەناڵێكی بینراو بیستراو".

ئەو هاوڵاتیە كە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین نیشتەجێیە لە كاتژمێر نۆی بەیانی لە رۆژی ١٥ی تشرینی یەكەم بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆی لەماڵ دەرچووە و دواتر پەیوەندی لەگەڵ كەس نەكردووە و نەگەڕاوەتەوە.