بارزانی و عەبادی دوو گێڕانەوەی تەواو جیاواز

  2020-10-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشووترى عێراق و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان، وتەکانى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کتێبى "بۆ مێژوو" لەبارەى دیاریکردنى هێڵەکانى تەماس دواى رووداوەکانى ئۆکتۆبەرى 2017 رەتدەکاتەوە و بە تێکەڵکردنى کارتەکان ناوى دەبات.

مەسعود بارزانى لە کتێبى بۆ مێژوو کە لە ماوەى رابردوودا بڵاویکردەوە و تایبەتە بە گێڕانەوەى رووداوەکانى ریفراندۆم، لە بەشێکى کتێبەکەدا ئاماژەى بەوەکردووە، دواى ئەوەى لە 20ى تا 26ى ئۆکتۆبەرى 2017 شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان روویدا، دانوستان دەستیپێکرد .

وەک بارزانى دەڵێت" لە یەکەم گەڕى دانوستاندا نوێنەرانى هێزە عێراقییەکان و نوێنەرى سوپاى پاسداران و حیزبوڵاى لوبنان ئامادە بوون. لە دانوستانەکاندا عێراقییەکان بەپێى قسە و فەرمانى نوێنەرانى ئێران و حیزبوڵا دەجوڵانەوە. ئەمە لە راستیدا ئەوپەڕى سوکایەتیکردنى عەبادى بوو بە سەروەریی عێراق کە خەڵکى بیانى بێت و بڕیار لەسەر هێڵەکانى تەماس بدات .

نوسینگەى راگەیاندنى حەیدەر عەبادى روونکردنەوەیەکى لەسەر ئەو وتانەى بارزانى بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت" تەواوى ئەو لێدوانانە رەتدەکەنەوە و بە نادروستى دەزانن لەبارەى شاندى عێراقى سەبارەت بە دیاریکردنى هێڵەکانى تەماس لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزى پێشمەرگە لە ساڵى 2017 .

راشیگەیاندووە ئەو پڕوپاگەندانەى کە باس لە بوونی کەسانی ناعێراقی دەکەن لە دانوستانەکاندا نادروستە و شێواندنی راستییە مێژووییەکان و سەروەری حکومەتی عێراقییە و هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان .

نوسینگەى راگەیاندنى عەبادى باسى لەوەشکردووە دیکۆمێنتەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە شاندی دانوستانکاری ئەو کاتی حکومەتی عێراقی تەنیا پێکهاتبوو لە : فەریقی ئەول روکن عوسمان غانمی سوپا سالار، فەریق روکن سەعەد عەلاق سەرۆکی هەواڵگری سەربازی، فەریق روکن مەناف تمیمی جێگری فەرماندەی دەزگای دژە تیرۆر کە ئەمانە ئێستاش لە ژیاندان و خاوەنی پێگەی خۆیانن لە دەوڵەتدا و دەتوانن پرسیاریان لێ بکەن .

حەیدەر عەبادى کە لە کاتى رووداوەکانى ریفراندۆم و 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 سەرۆک وەزیرانى عێراق بووە و بە ورد و درشتى ئاگادارى رووداوەکانە، تائێستا چەند جارێک روونکردنەوەى لەسەر ئەو رووداوانە داوە. پێشتریش لە چاوپێکەوتنێکى تەلەڤزیۆنیدا رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێک یان هەماهەنگییەکیان لەگەڵ هیچ لایەنێک کربێت کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوچە جێناکۆکەکان .

لە کاردانەوەى ئەنجامدانى ریفراندۆم لە 25ى ئەیلولى 2017، هێزە عێراقییەکان هەڕەشەکانیان بۆسەر هەرێمى کوردستان خستە بوارى پراکتیکەوە و بۆ ئەوەش لە یەکەم هەنگاودا هێرشیان کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و لە 48 کاتژمێردا توانیان سەرجەمى کۆنتڕۆڵ بکەنەوە کە پێکهاتووە لە 51%ى تەواوى خاکى باشورى کوردستان .