کەنەدا یەک ملیۆن و 200 هەزار پەنابەر وەردەگرێت

  2020-10-31  | 
مارکۆ مەندیچینۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا
ئەرشیڤ
کەنەدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا، وڵاتی کەنەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پەنابەر وەردەگرێت.

مارکۆ مەندیچینۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارە لە ماوی سێ ساڵی داهاتوودا، وڵاتەکەی مافی پەنابەرێتی هەمیشەیی بداتە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار پەنابەر.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا ئەو بڕیارە بە پڕۆژەیەکی گەورەی سێ ساڵەی وڵاتەکەی لەقەڵەمدا و رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٠١ هەزار پەنابەر، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤١١ هەزار پەنابەر و لە ساڵی ٢٠٢٣شدا ٤٢١ هەزار پەنابەر، مافی پەنابەرێتی هەمیشەیی لە کەنەدا وەردەگرن.

وەرگرتنی ئەو ژمارە پەنابەرە لە هەر ساڵێکدا، یەکسانە بە ١٪ی سەرجەم دانیشتووانی کەنەدا کە ٣٧ ملیۆن کەسە.

ساڵی رابردوو حکومەتی کەنەدا بەڵێنیدابوو کە لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر وەربگرێت، بەڵام سەرهەڵدانی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دواخست.