وەزارەتی نەوت بڕی هەناردە و داهاتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

  2020-11-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ڕابردوودا بڕی زیاتر لە ٨٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی دەرەوە کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، بڕی ٨٩ ملیۆن و ١٥٣ هەزار و ٨٩٩ بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی بازاڕەکانی وزەی جیهان کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکدا لەو مانگەدا بڕی داهاتی نەوتی فرۆشراو گەیشتووەتە ٣ ملیار و ٤٣٠ ملیۆن و ٦٣٠ هەزار دۆلار.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی باشورەوە بووە و بڕەکەی گەیشتووەتە ٨٦ ملیۆن، بەڵام لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بڕی ٢ ملیۆن و ٨٦٧ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کردووە، لەڕێگەی ئوردنیشەوە ڕێژەکەی گەیشتووەتە ٢٦٣ هەزار و ٥٨ بەرمیل، کە زۆربەی لەڕێگەی تانکەرەوە هەناردە کراوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ڕۆژانە ناوەندی هەناردەکردن گەیشتووەتە ٢ ملیۆن و ٨٧٦ هەزار بەرمیل، نرخی هەر بەرمیلێکیش نەوت بە ٣٨ دۆلار و ٤٨ سەنت فرۆشراوە.



ڕیکلام