بەریتانیا هۆشداری لە هێرشی تیرۆریستی دەدات

  2020-11-03  | 
لەندەن
بەریتانیا هۆشداری لە هێرشی تیرۆریستی دەدات
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاستی هۆشداریی مەترسی هێرشی تیرۆریستی لە بەریتانیا بەرزبووە و ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە ئەگەری روودانی کردەوەی تیرۆریستی لە وڵاتەکە لە ئارادایە.

پریتی پاتڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، کە ئەو بڕیارە بڕیارێکی خۆپارێزییە و لەسەر بوونی هیچ هەڕەشەیەکی تایبەت و دیاریکراو، نەدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خەڵکی بەریتانیا وشیار بن و لە کاتی بوونی هەر جۆرە جوڵە و چالاکییەکی گۆماناوی، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.

هەڵسەنگاندنی ئاستی هۆشداری ئەمنیی لەلایەن ناوەندی لێکدانەوە و شیکردنەوەی هاوبەشی تیرۆریزم (JTAC )، دەدرێت کە بەشێکە لە رێکخراوی ئاسایشی نیشتیمانی بەریتانیا (MI5 ).

لێدانی ئەم زەنگە مەترسییە لە بەریتانیا دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا لە هێرشێکی چەکدارێکدا چوار کەس کوژران و ٢٢ کەسی دیکەش برینداربوون، دواتر هێرشبەرەکە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ڤیەننا کوژرا.

هەفتەی رابردووش، لە شاری نیسی فەڕەنسا هێرشبەرێک بە چەقۆ سێ کەسی کوشت و مانگی رابردووش لە پاریسی پایتەخت، مامۆستایەکی مێژوو، کە دەوترا لە کاتی وانە وتنەوەدا کاریکاێتری پێغەمبەر محەمەدی پیشان خوێندکارانی دابوو، لەلایەن کەسێکی توندڕەوەوە سەربڕدرا، رووداوەکەش کاردانەوەی گەورەی جیهانی لێکەوتەوە.



ڕیکلام