بەوێنە.. ئێران پەردەی لەسەر سیستمێکی نوێی موشەکی لادا

  2020-11-04  | 
تاران
ئێران پەردەی لەسەر سیستمێکی نوێی موشەکی لادا
فۆتۆ: میدیای ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە رۆژێکدا کە جیهان چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، سوپای پاسدارانی ئێران پەردەی لەسەر سیستمێکی نوێی موشەکی لادا.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە رێوڕەسمێکدا و بەئامادەبوونی حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، پەردە لەسەر سیستمێکی زیرەک و ئۆتۆماتیکی موشەکی بالیستی دوورمەودا، بەناوی "تیرباری موشەکی" لادراوە.

"تیرباری موشەکی" با مانای سەلەی موشکی دێت و بەپێی میدیاکانی ئێران، هۆکاری ناونانی ئەو سیستمە موشەکییە بەو ناوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیستمەکە دەتوانێت لە مەودایەکی کەمدا و بەشێوەی سەلە چەند موشەکێک رەوانەی ئاسمان بکات.

بەپێی تەلەفزیۆنی حکومەتیی ئێرانیش، ئەو سیستمە موشەکییە داهێنانێکی نوێیە و لە جیهاندا هاوشێوەی نییە.

سوپای پاسدارانی ئێران ئەو جۆرە سیستمە موشەکییەی لە ژێر زەویدا نمایش کرد کە پێشتریش چەندین جار کۆگا موشەکییە ژێرزەمینییەکانی نمایش کردووە.

پەردەلادان لەسەر ئەم جۆرە لە سیستمی موشەکی لە ڕۆژێکدایە کە وڵاتانی جیهان چاوەڕوانی یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، کە تاوەکو ئێستا کێبرکێیەکی سەخت لە نێوان دۆناڵد ترەمپ نوێنەری کۆمارییەکان و جۆ بایدن نوێنەری دیمۆکراتەکان دایە بۆ بوون بە ٤٦ەمین سەرۆکی ئەمریکا.

یەکێک لە هۆکارەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ، ئەوە بوو کە ترەمپ پێیوابوو، رێککەوتننامەکە ناتوانێت رێگە لە چالاکییە موشەکییەکانی تاران بگرێت.



ڕیکلام