کۆمپانیای دایۆی کۆری پاشەکشەی کرد لە پڕۆژەی بەندەری فاو

  2020-11-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشور، پاشکەشەی کردووە لە تەواوکردنی پرۆژەی بەندەری فاوی گەورە، کە لە باشوری عێراق لەسەر کەنداو جێبەجێی دەکرد.

فایح هادی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کۆمپانیای دایۆ پاشەکشەی کردووە لە ڕێککەوتنی تەواوکردنی پرۆژەی بەندەری فاو و داوای پارەی زیاتر و درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەی کردووە، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پرۆژەکەدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری گواستنەوە داخوازییەکانی کۆمپانیاکەی ڕەتکردووەتەوە و داوایکردووە، پابەندی ئەو گرێبەستە بێت، کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە نێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە، کە داواکراوە قوڵایی بەندەرەکە نزیکەی ٢٠ مەتر بێت.

ئەو بڕیارەی کۆمپانیای دایۆی کۆری لە کاتێکدایە، کۆمپانیاکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا بەهۆی خۆکوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەوە و دۆزینەوەی تەرمەکەی بە هەڵواسراوی لە ژورەکەی خۆیدا، سەرجەم کار و چالاکییەکانی لە پڕۆژەکەدا ڕاگرت.

بەندەری گەورەی فاو لە ساڵی ٢٠١٠دا بەردی بناغەی دانراوە و عێراق لەگەل کۆمپانیای دایۆی  کۆریای باشور گرێبەستی کرد، بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، بودجەی پرۆژەکە بریتی بووە لە ٤ ملیار و ٦٠٠ هەزار دۆلار.



ڕیکلام