ماڵی جۆ بایدن و دەوروبەری کرایە ناوچەی دژە فڕێن

  2020-11-06  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕێوشوێنی توندیان خستووەتە سەر بواری ئاسمانی ماڵی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە ویلایەیت دیلاوەر و کردیانە ناوچەیەکی دژە فڕین.

تۆڕی هەواڵی سی ئین ئێنی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا کۆت و بەندی کاتی داناوە سەبارەت بە فڕین و هاتوچۆی فڕۆکە بەسەر ماڵی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، دوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە ئەمڕۆ بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا هاتووە.

فەرمانگەی فڕۆکەوانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، دانانی ئەو کۆت و بەندە کاتییە بەسەر ماڵی بایدن و ناوچەکانی دەوروبەری لەکاتێکدایە، شانۆیەک لە ناوچەکە بۆ وتاری سەرکەوتنی بایدن ئامادە کراوە، ئەگەر هاتوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا، وتاری خۆی لێوە پێشکەش دەکات.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەدا، ژمارەی پاسەوان و پارێزگارانی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان زیاد کراوە.

ئاژانسی فیدراڵی بۆ پاراستنی سەرۆک و کاربەدەستە باڵاکانی ئەمریکا، پێشتریش ئەرکی پاراستنی جۆ بایدنی گرتووەتە ئەستۆ کاتێک بووە بە جێگری باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دواتریش کاتێک لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پارتەکەی بردیەوە و بووە کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتەکان.

لە ئێستادا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بووەتە ململانێیەکی سەخت لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستا و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان، بەشێوەیەک ئەنجامەکان لە چەند ویلایەتێک زۆر بەرتەسک بووەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەردوو ویلایەتی نیڤادا و پەنسلڤانیا لە بەرژەوەندی بایدن شکاوەتەوە.



ڕیکلام