ژمارەیەک خۆپیشاندەری لوبنانی بۆ عێراق: کۆمەکەکان مەدەن بە دزەکان

  2020-11-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە دەیان هاوڵاتی لوبنانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیروت خۆپیشاندانیان کرد و ناڕەزاییان دەبڕی لەپای ئەو کۆمەک و یارمەتیانەی کە ڕادەستی حکومەتی لوبنانیان کردووە.

ئەو خۆپیشاندەرانە کە ناوی شۆڕشگێڕانی ١٧ی تشرینیان لەخۆیان ناوە، حکومەتی وڵاتەکەی خۆیان تۆمەتبار کرد بەوەی ئەو هاوکاریانەی دزیوە کە عێراق پێشکەشی گەلی لوبنانی کردووە.

خۆپیشاندەرە لوبنانییەکان دروشمی "کۆمەکەکان مەدەن بە دزەکان"یان بەرزکردبۆوە.

ئەو خۆپیشاندانەی بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیروت لەکاتێکدایە، شارەوانی "غەبیری" لە پارێزگای "جەبەل لوبنان" ئاشکرایکرد، بە هەزاران تۆن لەو ئاردەی کە حکومەتی عێراق وەک کۆمەک لەچوارچێوەی هاوکارییە مرۆییەکان پێشکەشی گەلی لوبنانی کردبوو لە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە، بەخۆی خراپ هەڵگرتنییەوە خراپ بووە و نەگەیشتووەتە دەستی ئەو هاوڵاتییە لوبنانیانەی کە زۆر پێویستیان پێیەتی.

خۆپیشاندەرانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو خەمساردەی دەسەڵاتداران بۆ هەڵگرتنی کۆمەکە فریاگوزارییەکان، دەریدەخات کە سەرجەم دامودەزگاکانی ئەم وڵاتە بەهۆی تەشەنەکردنی گەندەڵییەوە پەکی کەوتووە و باجەکەشی هاوڵاتی هەژار دەیدات.



ڕیکلام