ئەردۆغان پارێزگاری بانكی ناوەندی وڵاتەكەی دوورخستەوە

  2020-11-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە بڕیاری سەرۆك كۆماری توركیا پارێزگاری بانكی ناوەندی توركیا لە كارەكەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەو وەزیری پێشووی دارایی ئەو وڵاتە دیاریكرا.


پێگەی سی ئێن ئێن تورك رایگەیاند بە مەرسومێكی سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، موراد ئۆیسال، پارێزگاری بانكی ناوەندی توركیای لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، هۆكارەكەشی بۆ دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی توركیا بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی دەگەڕێتەوە. 

بەیانی ئەمڕۆ نرخی لیرەی توركیا لەبەرامبەر دۆلار بۆ هەر دۆلارێك بەرامبەرە بە 8.52 لیرە كە ئەو دابەزینەی بەهای لیرەی توركی لە مێَژووی توركیادا بێ وێنەیە. 

پێگە توركیەكە راشیگەیاندووە  سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاریداوە ناجی ئیقبال، وەزیری پێشووی دارایی توركیا بكاتە پارێزگاری بانكی ناوەندی وڵاتەكە. 

دابەزینی بەهای لیرەی توركی الە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیكەی 30% بەهاكەی بووە كە بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە، بە بڕوای شارەزایانیش ئەو دابەزینە پەیوەندی بە سیاسەتەكانی توركیاوە هەیە لە ماوەی رابردوودا كە لەگەڵ زۆرێك لە ناوچە و وڵاتەكانی دراوسێی خۆی لەشكركێشی كردووە. 


ڕیکلام