مەزڵوم عەبدی بۆ جۆ بایدن: چاوەڕوانی بەردەوامی هاوكاریەكانی ئەمریكاین

  2020-11-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆك و جێگری نوێی ئەمریكا كرد و رایگەیاند، چاوەڕوانی بەردەوامی هاوكارییەكانن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانیان.


مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی جۆ بایدن و كامالا هاریس دەكەم بەبۆنەی هەڵبژاردنیان بە سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمریكا".

فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردوە "ئێمە چاوەڕێی بەردەوامی هاوكارییەكانین لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانمان لە شەڕی دژی داعش و بنیاتنانی دواڕۆژێكی باشتر بۆ هاوڵاتیانی سوریا".

بەگوێرەی دواین داتاكان تا ئیچٍتا جۆ بایدن توانیویەتی بە كۆكردنەوەی 290كورسی كۆمەڵگەی هەڵبژاردن كە دەكاتە رێژەی 50.65%ی دەنگەكان كە 75ملیۆن و 196هەزار و 516 دەنگی بەدەستهێناوە. 

لەبەرامبەردا ركابەرەكەی كە دۆناڵد ترەمپە توانیویەتی 214 كورسی كۆمەڵگەی هەڵبژاردن بەرێتەوە كە دەكاتە رێژەی 47.69%ی دەنگەكان كە 70 ملیۆن و 803 هەزار و 881 دەنگی بەدەستهێناوە. 


ڕیکلام