سەرژمێری دانیشتوانی عێراق بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی ئەنجام دەدرێت

  2020-11-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرمانگەی جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و خانووبەرە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، سەرژمێری گشتی بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی ئەنجام دەدرێت.

سەمیر خزر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی جێبەجێکردن سەرژمێری لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق ڕایگەیاند، سەرژمێری بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە لە خێزانەکانەوە بۆ سەنتەری سەرەکی لە وەزارەتی پلاندانان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکانی سەرژمێری بە هەماهەنگی لەگەل ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندارەکان بەردەوامە، بە مەبەستی نوێکردنەوەی زانیارییەکان و بەروارد کردنیان لەڕووی مەیدانی و هونەرییەوە.

خزر روونیشیکردەوە، فەرمانگەکەیان پێشتر داوای لە کۆمپانیاکان کردبوو، بە پێشکەشکردنی نموونەیەک لە کارەکانیان بۆ ئەو بوارە، بە مەبەستی هەڵبژاردنی یەکێکیان.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەیەکی پسپۆڕ پێکهێنراوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن و هەڵبژاردنی نوێنترین ئامێری هونەری و کەلوپەلی لۆجستی دروست، بۆ ئەوەی باشترینیان لی هەڵبژێردرێت، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ کارەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی.



ڕیکلام