پلان و بەرنامەی جۆ بایدن بۆ پێکهێنانی کابینەکەی

  2020-11-08  | 
واشنتن
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوابەدوای سەرکەوتنی جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، میدیای ئەمریکا تیشیکی خستووتەسەر پلان و بەرنامەکانی بایدن بۆ پێکهێنانی کابینەکەی و ئاماژەیان بەوەکردووە کە ئەولەویەتی کارەکانی بایدن بابەتی کۆرۆنا و ئابووری وڵاتەکەی دەبێت.

مالپەڕی پۆلیتیکۆ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن ٤٦ەمەین سەرۆکی ئەمریکا پێویستی بە پێکهێنانی تیمێکە کە یارمەتی بدەن لە روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و رێکخستنەوەی ئابووری وڵاتەکەی و بۆ ئەو مەبەستەش  پێویستی بە رەزامەندی و نزیکبوونەوە لە کۆمارییەکانی ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایە، چونکە پێدەچێت ئەنجومەنەکە لەدەستی زۆرینەی کۆمارییەکاندا بمێنێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکان دیاریکراون و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو بایدن چەند کەسێکیان ئاشکرا بکات، بەڵام فۆکۆسی سەرۆکی نوێی ئەمریکا لەسەر کەرتەکانی تەندروستی و ئابوورییە کە لە وەزارەتی خەزێنە و خزمەتگوزارییە مرۆیی و تەندروستییەکان و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی پێکدێن. 

پۆلیتیکۆ لەزاری کەسە نزیکەکانی بایدنەوە بڵاویکردووەتەوە کە ناوبراو بەنیازە کابینەیەک لە کەسە جۆراوجۆرە میانەڕەو و پێشکەوتووەکان پێکبهێنێت، تەنانەت بەشێکیشیان لە کۆمارییەکان دەبن و ئەولەویەتی کارەکانیشی بابەتی کۆرۆنا و ئابووری ئەمریکا دەبێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە کە لە هەفتەکانی سەرەتادا بایدن تەنها بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی ئاشکرا دەکات و بۆ تەواوکردنی کابینەکەی پێویستی بەڕاوێژ و کات دەبێت.

هەر لە راپۆرتەکەی پۆلیتیکۆدا هاتووە، لە پێکهێنانی کابینەکەیدا بایدن دەبێت چەند لایەن لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش داخوازی دیموکراتەکان کە دەیانەوێت کابینەیەکی مێژوویی هەمەچەشن پێکبهێنن.

هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە کە جۆ بایدن بەنیازە پاش دەستبەکاربوونی دەستبەجێ بەشێک لە بڕیارەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چوونەدەرەوە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێكکەوتنی پاریس بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

ئاشکراشیکردووە، بایدن دەیەوێت لە زووترین کاتدا، بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان هەڵبوەشێنێتەوە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ ئیمزای لەسەر کردووە.




ڕیکلام