عێراق بە نیازی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵە 2 هەزار تەرمی تێدایە

  2020-11-09  | 
شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکە لە باشوری خۆرئاوای شاری موسڵ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی عێراق لە هەوڵی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵدایە لە پارێزگای نەینەوا، کە پێکهاتووە لە چاڵێک و نزیکەی ٢ هەزار تەرمی هاوڵاتیانی مەدەنی تێدایە و لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون.

ڕۆژنامەی سەباحی  فەرمی عێراق لەزاری سەعد عەبدەلی ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڵاویکردەوە،کردنەوەی چاڵی "خەسفە" لە پارێزگای نەینەوا پێویستی بە هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە، کە بەیەکێک لە تاوانە خوێناوییەکان دادەنرێت، چونکە نازانرێت قوڵایی دۆڵەکە چەندە و چەند تەرمی تێدایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوەی تەرمەکان بە هەڕەمەکی و لەسەرەوە هەڵدراونەتە خوارە بۆ چاڵەکە، تەرم و ئێسکەکانیان تێگەڵ بە یەک بووە، بۆیە دەرهێنان و ناسینەوەی تەرمەکان بۆ خێزانەکانیش قورس دەبێت.

عەبدەلی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی تایبەت و پسپۆڕ بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەستی بە پلاندانان کردووە بۆ بابەتەکە، کە لە پاڵ ئەو هەوڵانەدا پێویستی بە هەوڵی نێودەوڵەتیش هەیە.

چاڵی "خەسفە" دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای شاری موسڵ لە ناوچەیەکی بیابانی دوور دەست و زۆر و کۆنەکە و چەندین لێکدانەوە لەسەر دروستبوونی هەیە، یەکێک لەوانە گوایە بەهۆی بەربوونەوەی نەیزکێکەوە بووە و هەزاران ساڵ لەمەوبەر بەر ئەو ناوچەیە کەوتووە.

 



ڕیکلام