سائیب عورەیقات بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

  2020-11-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سائیب عورەیقات ئەمینداری لیژنەی جێبەجێکردنی ڕێکخراوی فەتحی فەلەستین و لێپرسراوی دۆسیەی گفتوگۆکانی ئەو ڕێکخراوە، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

لە بەیاننامەیەکدا بزوتنەوەی فەتح هەواڵی گیانلەدەستدانی عورەیقاتی ڕایگەیاند و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەو لێپرسراوە باڵایەی فەلەستین پشتڕاستی گیانلەدەستدانی کردەوە.

سائیب عورەیقات، ماوەی چەند هەفتەیەک بوو لە نەخۆشخانەی  "هەداسا"ی ئیسرائیل چارەسەری وەردەگرت، دوای ئەوەی بەهۆی پەتاکەوە تەندروستی بەرەوخراپی چووە، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

ئەو لێپرسراوە باڵایەی فەلەستین لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوودا نەشتەرگەرییەکی وردی بۆ ئەنجامدراوە، پێشتریش چەندین نەخۆشی دیکەی هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٧دا چاندنی سییەکانی بۆ کراوە.

عورەیقات بە گەورەی وتوێژکاری گفتوگۆکانی ڕێکخراوی فەتح لەگەڵ ئیسرائیلدا بووە، پێشتریش راوێژکاری یاسر عرەەفات سەرۆکی ڕێکخرایو فەتح بووە، دواتریش بووەتە ڕاوێژکاری مەحمود عەباس سەرۆکی ئێستای ڕێکخراوی فەتح.

ناوی تەواوەتی (سائیب محەمەد ساڵح عورەیقات)ە لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری ئەبودیسی سەر بە پارێزگای قودسی فەلەستین لەدایک بووە



ڕیکلام