نرخی نەوت بەرزبوونەوەی گەورەی تۆماركرد

  2020-11-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 44 دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 41 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.

ئەوە لە كاتێكدایە بەیانی دوێنێ سێشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 41 دۆلار و  98 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە 39 دۆلار و 76 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەراورد بە دوێنێ بەیانی دوو لشرە بۆ هەر بەرمیلێك.

هەواڵی گەشبینانەی گەیشتنە ئەنجامی ڤاكسینی  كۆرۆنا لە لایەن دوو كۆمپانیای ئەمریكی و ئەڵمانیەوە هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا. 

ماوەی نزیكەی حەوت مانگی رابردوو بەهای نەوت بەشێوەیەكی ئاسایی رووی لە بەرزبووەنەوە كردووە بەراورد بە چەند مانگی سەرەتای ساڵ كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبویەوە، هۆكاری بەرزبوونەوەكەش بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان لە جیهان دەگەڕێتەوە دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوە جگە لە كەمكردنەوەی بڕی هەناردەی نەوت و راگرتنی باڵانسی هەناردە لەلایەن وڵاتانی ئۆپیك و ئۆپیك پڵەسەوە.



ڕیکلام