جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا: کۆرۆنا ساڵ و نیوێک ڕوسیا هێناوەتەوە دواوە

  2020-11-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندریە بیلوسوف جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا ڕایگەیاند، قەیرانی کۆرۆنا ساڵێک و شەش مانگ ڕوسیای گێڕاوەتەوە بۆ دواوە.

ئەو لێپرسراوە باڵایەی ڕوسیا ڕایگەیاند، قەیرانی پەتای کۆرۆنا ماوەی ساڵێک و شەش مانگ ڕوسیا گێراوەتەوە بۆ دواوە و کەرتە ئابورییەکان زیانی جیاجیان بەرکەوتووە و زیانی گەورەی بە کەرتی گواستنەوەی ڕوسیا گەیاندووە.

جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکرد، خزمەتگوزارییەکانی دیکەی تایبەت بە دانیشتوان بە هەموو شێوەکانییەوە بەهۆی کۆرۆناوە زیانی پێگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ڕوسیا تا ئێستا بڕی ٧ ملیار دۆلاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردووە، جگە لەوەش کۆرۆنا بەشێوەیەکی نیگەتیڤ کاریگەریی هەبووە لەسەر زۆربەی کەرتە جیاکانی تر، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیشی حکومەت کۆمەکی ئەو کۆمپانیا و کەسانەی کردووە، کە بەهۆی قەیرانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی حکومەتی ڕوسیا، تا ئێستا یەک ملیۆن و ٨٤٠ هەزار تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ٣٧٠ هەزار کەس چاکبوونەتەوە و ٣١ هەزار و ٥٩٣ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام