لە یادی لە دایک بوونی١٩٩ ساڵەی دۆستۆڤسکی

  2020-11-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دانا ئەحمەد؛

لەبەر ھەژاری خانەوادەکەی لە ژێرزەمینی ئەو نەخۆشخانەدا دەژیان کە باوکی وەک دەرمانساز کاری تێدا دەکرد و لە ساڵی ١٨٢١ لەوێ لە دایک بوو.سەرباری ئارەزوویەکی زۆر بۆ ئەدەب، لەسەر خواستی باوکی لەگەل برا گەورەکەی میخایل میخایلۆڤیچ نێردران بۆ پەیمانگای ئەندازیاری سەربازی لە پیتەرسبورگ،لە ساڵی ١٨٤٣ بە پلەی ملازم پەیمانگاکە تەواو دەکات.لەبەرئەوەی ئاسودە نییە لە پیشەکەی، دوای ساڵێک دەست لەکاردەکێشێتەوە لەسەربازی و دەست بە کاری ئەدەبی دەکات بە وەرگێرانی رۆمانە فەرەنسیەکان.وەرگێرانی یەکێک لە رۆمانەکان بەلزاک دەبێتە یەکەمین کاری ئەدەبی.

لە ٢٤ ساڵیدا یەکەم رۆمانی(ھەژارەکان) بڵاودەکاتەوە و بەخێرای وەک نووسەرێکی ھەڵکەوتووی رووسی دەناسرێ. ڤیسارۆن بێلنسکی کە بە باوکی شۆرشی فیکری رووسی دادەنرێت، وەسفی رۆمانی ھەژارەکان وەک یەکەمین رۆمانی کۆمەڵایەتی رووسی دەکات.


مرۆڤ دەتوانێت بێ خوێندنەوە بژی، بەلام لە دەرەوەی ھەنگاوەکانی خۆی ناتوانێت نە وێنەی شادییەک بکات نە تاڵی ئازارێک بگاتە رۆحی.خوێندنەوە ئەو زمانەیە  شتانێکمان پێدەلێت کە گوێمان لێ نەبووە و دەمانباتە ئەو شوێنانەی کە نەمان بینیوە،تێگەیتن لە ژیان و نووسینەکانی دۆستۆڤسکی زۆرمان پێدەڵێت و دەمانباتە زۆر شوێن.

ئۆسکار وایڵد سەبارەت بە دۆستۆڤسکی دەڵێت: شتێک نەماوە بیخەینە سەر ئەو قسانەی کە دۆستۆڤسکی لەسەر ئادەمیزاد کردوونی، بە تایبەتیش لایەنە تاریکەکەی. رۆمانی (شەوە سپیەکان) بە تەنھا باس کردن نییە لە خۆشەویستی ناکامی دوو کەس، ئەوەندەی ئیشکردنە لەسەر ئەو چاوەروانییەی کە خۆشەویستی دروستی دەکات.دۆستۆڤسکی لە رێگەی چیرۆکەوە دەمانبەتە ناو ئەو دۆخە سایکۆلۆژییەی کە خۆشەویستی دروستی دەکات.لێرەوە دەگەین بە مەبەستی سەرەکی کاری ئەدەبی، کە با لە راستیشدا ئێمە لە رووداوەکاندا نەبین، بەلام دەتباتە ئەو دنیایەی ھەست بە شتەکان بکەی.

بارزان محمود شارەزا لە ئەدەب لە بارەی دۆستۆڤسکیەوە دەڵێت: کارەکتەرەکانی دۆستۆڤسکی، ڕووداو و ئەگەری مێژوویین، هەنووکە لەناوماندا هەن و زیندوون.لە رۆمانی ھەژارەکاندا ھەست بەو برسێتی و نەداریە دەکەین لە رێگەی کارەکتەرەکاتەرەکانی دۆستۆڤسکیەوە.کەمی مووچە و سەختی گوزەران وا دەکات کتێبێکی ھەرزان بکاتە دیاری بۆ خۆشەویستەکەی و دواتر ببێتە مایەی گاڵتەجاری.

ئەگەر زمان و خاک و کلتور بنەماکانی بوونی نەتەوە بن، ئەوە دەکرێ ھەبوونی نووسەری وک دۆستۆڤسکی تەواوکار و پارێزەری ئەو بنەمایانەن. ئیشی نووسەر جگە لە گەیاندنی پەیام ئیشکرنە لەسەر زمان، دواجار ئەوەی خاکێک دەکات بە مولکی نەتەوەیەک زمانی ئەو خاکەیە.لە بارەی بەھێزی زمانی دۆستۆڤسکیەوە، ئانای ھاوسەری  لە یادشتەکانی خۆیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت کاتێک ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف)ـم خوێندەوە بە فیۆدۆرم گوت؛ باش بوو کەتۆ داواکاری گشتی نەبویت، چونکە گەر نا، بە ھۆی بەھێزی گوتاردانتەوە  دەتتوانی بێ تاوان ترین مرۆڤ ڕەوانەی زیندانیەکانی (سیبیریا) بکەیت، وە باشیش بوو کە پارێزەر نەبویت، چونکە بەھۆی لۆجیکی بەڵگەھێنانەوەت دادگات ناچار دەکرد بەرائەت(ئەستۆ پاکی) بۆ تاوان بارترین مرۆڤ دەربکات..

نزیکەی ٢٠٠ ساڵ بەسەر لەدایک بوونی ئەم نووسەرەدا تێدەپەرێت، بەڵام زیندوێتی و گەورەیی کارەکانی ناوی ئەوی لە تێپەربوونی ئەو ھەموو  سالانەدا تێنەپەراندووە.کامۆ دەربارەی گەورەی کارەکانی دەلێیت ئەگەر پەیامبەرێک ھەبێت لە سەدەی ١٩ دۆستۆڤسکیە نەک کارل مارکس.دۆستۆڤسکی لە ساڵی ١٨٨١ لە تەمەنی ٥٦ ساڵی کۆچی دوایی کرد.


ڕیکلام