هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا هێشتا لەئارادایە

  2020-11-14  | 
سەربازێکی ئەمریکا لە کاتی پاسەوانی باڵێۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرایکرد، هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بیر دەکاتەوە لە داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، ئەگەر بێت و حکومەتی عێراق سنورێک بۆ هێرشی ئەو گروپانە دانەنێت کە مەترسیان دروستکردووە بۆسەر بەرژەوەندی بیانییەکان.

جەمیس جفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "دیڤینس وەن" جەختیکردووەتەوە لەوەی ئەو بابەتە تا ئێسا بەردەوامە، چونکە هەڕەشەکان گاڵتە نەبوون، بەڵکو زۆر مەترسیدار بوون.

جیفری کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢ باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ئاسایی و ساغن، تەنانەت دوای هەرەشەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا جیفری بەرگری لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردووە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی، کە بەشێکی زۆر لە پارێزگاریکردن لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق و سنوردارکردنی هەژموونی ئێران بەغدا بە دەستکەوتی خۆی زانیووە.

ئەو لێپرسراوە باڵایەی پێشووی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە، سیاسەتەکانی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جۆرێک لە بەرقەرابوونی لەناوچەکەدا بەرپا کرد، گەر بەراورد بکریت لەگەڵ سەرۆکەکانی پێشووتردا، چونکە ئیدارەی کۆشکی سپی بە چاوی جیۆستراتیژییەوە سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و هەمیشە چاوی لەسەر ئێران و چین  بووە، لەگەڵ ئەوەی نەخۆشی تیرۆری ئیسلامی لەژێر کۆنترۆڵدا بووە.

ئەو وتانەی ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بە نهێنی هۆشداری داوەتە عێراق، وڵاتەکەی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دادەخات، ئەگەر حکومەت نەتوانێت هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕابگرێت.

تا ئێستاش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەدان دیپلۆماتکاری هەیە لە ناوچەی سەوزی بەغدا، کە لە ئێستادا ڕێوشوێنە ئەمنییەکان زۆر توندتر بوونەتەوە لەچاو پێشتر.  



ڕیکلام