بۆڵتۆن: ترەمپ بە بێدەنگی ناڕوات

  2020-11-15  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی ئەمریکا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداریدا لەوەی، ترەمپ دەبێتە مایەی زیانێکی گەورە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و مەترسی خۆشی نیشاندا کە بە بێدەنگی ناڕوات.

بۆڵتۆن لە دیدارێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکا ڕایگەیاند "زۆرێک لە خەڵک لەو بڕوایەدان، یان بەلای کەمەوە هیوادارن ، کە ترەمپ تیدەگات  لەوەی کە دۆڕاندوویەتی و بە بێدەنگی دەڕوات، بەڵام من هەست بە ترس دەکەم، چونکە پەرچەکردارەکانی بە پێچەوانەی ئەو پێشبینیانەوە دەبێت".

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی ئەمریکا وتیشی "لەوبڕوایەدام کە من وەک کۆمارییەک کار دەکەم ، ڕێگەی سنوردارکردنی زیانەکان، بە تەنها لەسەر وڵاتەکە نابێت، بەڵکو بۆ حزبەکەش دەبێت، کە دەبێت سەرکردە کۆمارییەکان هەمان هەڵوێستی ئەوانەیان هەبێت و دان بە راستیدا بنێن و لەوە تێبگەن کە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوە".

سەبارەت بەو گومان و قسانەش کە باس لە ساختەکاری هەڵبژاردنەکان دەکرێت و ترەمپ بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە، بۆڵتۆن ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنەکانەوە باس لەوە دەکرا کە گوایە بەڵگەی زۆر لەبەردەستدایە سەبارەت بە ئەنجامدانی ساختەکاری و پیلانێکی مەترسیدار لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی لەو بابەتە نەبیراوە و نەسەلمێنراوە، بۆیە لەو بڕوایەدا نەبووە هیچ شتێکی لەو بابەتە ڕوویدابێت.

لە بەشیکی تری وتەکانیدا  جۆن بۆڵتۆن ئاماژەی بەوەکرد، لەو بڕوایەدا تا ئەو بابەتە درێژە بخایەنێت، دۆخەکە خراپتر دەبێت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ناوبانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە تایبەت کە دەبینن سەرۆکێکی دوور لە واقیع دەبینن.

سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا جەختیکردەوە، لەو بڕوایەدایە ترەمپ زیانی زۆر دەخاتەوە، بڕیاری دوورخستنەوەی مارک ئەسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکاش لە لایەن ناوبراوەوە، پاڵنەری کەسی لە پشتەوە بووە وچاوەڕواندەکرێت زیانی زۆری لێ بکەوێتەوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا بۆڵتۆن هۆشداری لەوەی کە دووژمنانی ئەمریکا دۆخەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە لەم کاتەدا، ئەوە ئەو هیواو ئاواتەیە کە نەیار و دووژمنانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاواتی بۆ دەخوزان، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دۆخەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

ئەو وتانەی جۆن بۆڵتۆن لە کاتێکدایە، تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی ئەمریکا جۆ بایدن براوەیە و توانیویەتی ٢٩٠ کورسی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنەکان لەدەست بهێنن، لە بەرامبەردا ترەمپ توانیویەتی ٢٣٢ کورسی ئەو کۆمەڵگەیە بەدەست بهێنێت.

 



ڕیکلام