کازمی فەرمانیکرد بە داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان

  2020-11-16  | 
سەردانێکی پێشتری مستەفا کازمی بۆ دەروازەی مەندەلی و رادەستکردنی بە هێزەکانی دژەتیرۆر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕاسپارد بە داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، بە مەبەستی ڕاگرتنی کاری بە قاچاغ بردن و زیان گەیاندن بە ئابوری وڵات و پاریزگاریکردن لە بەرهەمی نیشتیمانی.

دەستەی دەروازە سنورییەکان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان، سەرۆک وەزیران ستایشی ڕۆڵی دەستەی دەروازە سنورییەکانی کردووە، سەبارەت بە ڕێوشوێنانەی کە گرتوویانە بەربە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و زیادکردنی داهاتەکان.

هەر لە کۆبوونەکەدا کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کردووە، بڕیاردراوە بە گواستنەوەی کارمەندانی دەزگای هەواڵگری بۆسەر میلاکی دەستەی دەروازە سنورییەکان، لەپێناو باشتر کۆنترۆڵکردنی ئەو دەروازانە لە رووی ئەمنییەوە.

لە لایەکی ترەوە عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆک وەزیران جەختیکردووەتەوە لەوەی پێویستە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی دەستەکە پابەندی ئەو بڕیارانە بن کە لە کۆبوونەوەکاندا دەردەچن، کە نوێنەرانی وەزارەت و دەستە و پارێزگاکانی نزیک لە دەروازە سنورییەکان بەشداری تێدا دەکەن و ئەندامن تیایدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وائیلی جەختیکردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لە بایەخی گەشەپێدانی دەروازە سنورییەکان و هاندانی وەبەرهێنان تیایاندا، هەروەها پەلەکردن لە تەواوکردنی کارەکانی ڕێوشوێنە گومرگییەکان، لە پێناو کۆتایی هێنان بە گەندەڵی ئیداری دارایی.



ڕیکلام