مردن بەکۆرۆنا لە ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد

  2020-11-16  | 
تاران
مردن بەکۆرۆنا لە ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جارێکی تر مردن بە کۆرۆنا لە ئێران ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و تەنها لە شەو و رۆژی رابردوودا ٤٨٦ کەس لەو وڵاتە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٣ هەزار و ٥٣ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ١٣٣ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٤٨٦ توشبووی دیکەی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش بۆ یەکەمجارە ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵکی ئەو وڵاتە لە شەو و ڕۆژێکدا بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاند، لە ئێستادا باری تەندروستی پێنج هەزار و ٦٧٧ توشبووی کۆرۆنا ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

ماوەی چەند رۆژێکە ئامارەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران بەردەوام روو لە بەرزبوونەوە دەکات و هەر بەوهۆیەشەوە و لە دواین بڕیاریدا حکومەتی ئێران کەرەنتینەی سەرتاسەری راگەیاند و رۆژی رابردوو عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە شەممەی داهاتوووە سەرجەم شارەکانی ئێران کەرەنتین دەکرێن و تەنانەت سەبارەت بە چوونەدەرەوە لە شارەکانیش، رێوشوێنی توند دەگیرێتەبەر و هاتووچۆکردن لە نێوان شارەکان قەدەغە دەکرێت.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٧٧٥ هەزار و ١٢١ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٤١ هەزار و ٩٧٩ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٥٦٤ هەزار و ٦٩٩ توشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام