سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەختیانکردەوە لە پشتبەستن بە کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان

  2020-11-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە مەبەستی هەماهەنگی و سووربوون لەسەر پاکی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوونەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەیەک کە لەسەرۆکایەتی کۆمارەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا جومگە سەرەکییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان تاوتوێکرا، بە مەبەستی دەستبەرکردنی کەشێکی تەندروست و جێگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ڕوبەڕوی دەبێتەوە.

وەک لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە گرنگی زیادکردنی ڕێژەی تۆمارکردنی بایۆمەتری و دانانی ڕێوشوێنی پێویست، کە هاوکار دەبێت بۆ پرۆسەی تۆمارکردنە، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە کارتی بایۆمەتری ببەسترێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

هەروەها گفتوگۆش کراوە دەربارەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەگوێرەی یاسا، بۆ دڵنیایی دان لە دەنگدانی ئاوارە و پەنابەرانی عێراقی لە دەرەوە بەگوێەی بایۆمەتری.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی پێویستە  لەگەڵ کۆمپانیاییەکی رەسەن گرێبەست بکرێت، بۆ پشکینینی پرۆگرامەکانی هەڵبژاردن بە ڕاوێژ لەگەل تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها جەختکرایەوە لە هەماهەنگی و پشتیوانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەل کۆمسیۆن و دڵنیایی دان لە چاودێرییەکی کاریگەر بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکان و دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نیشتیمانی، بەشێوەیەک هاوکار و پشتیوان بێت لە دووبارە گێرانەوەی متمانە بۆ دەنگدەران و پرۆسەی هەڵبژاردن و رەواندنەوەی ئەو گومانانەی کە هەیەتی سەبارەت بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا.



ڕیکلام