پارێزگاری کەرکوک: بارەگاکەی پارتی لە کەرکوک موڵکایەتی زەویەکەی هی دەوڵەتە

  2020-11-17  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت نوسراوێکی نهێنی کردووە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی کە ئەو بارەگای پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستانی تیا بووە، موڵکایەتی زەویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و لە رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا لاشەیەک لەناو ئاوەڕۆی بیناکەدا دۆزراوەتەوە.

لە نوسراوێکی نهێنیدا کە بە ئیمزای راکان سەعید پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت ئاراستە کراوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بارەگایە کە لە ئێستادا لەلایەن بارەگای پێشکەوتووی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە لە کەرکوک بەکاردەهێنرێت، فەرماندەییەکە بەڵگەناکە و نوسراوی فەرمی لەبەردەستدایە، کە ئاماژە دەکات بەوەی بیناکە کە پێشتر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، دەرکەوتووە لە بنەڕەتەوە زەویەکەی هی وەزارەتی داراییە و کراوەتە قەدەغەی کۆمپانیای نەوتی باکور و وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی تەملیک بکرێت.

لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بیناکە لەلایەن کەسانێکەوە بنیاتنراوە، هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە حزبەوە، جگە لەوەش دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی و دەزگای دژە تیرۆر و فەرماندەی فیرقەی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتی ڕوبەڕبوونەوەی تاوانی کەرکوک، بەڵگەنامەیان لەبەردەستدا، کە لە رۆژی سەپاندنی یاسا لە ڕۆژی ١٦/١٠/٢٠٢٠ تەرمێکی نەناسراویان لە ئاوەڕۆ و ژێرزەمینی بیناکەدا دۆزیوەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەناو بارەگایەدا کاری دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی هاوڵاتیان لە پێکهاتەکانی دیکەی جگە لە کورد ئەنجام دراوە.

هەر لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە دەیانەوێت ئاگادارتان بکەنەوە لەوەی کە حزبە سیاسییەکان لە پێکهاتەکانی دیکە و هەندێک لە پیاوماقوڵ و سەرۆک هۆزەکان، داوایان پێشکەشکردووە و داوای ئەوە دەکەن، بە هیچ شێوەیەک شوێنە رادەستی حزب نەکرێتەوە و بە تەواوی لاببرێت، چونکە موسلکایەتی زەویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت و بە زیادەڕەوی لەسەری دروستکراوە.

لە کۆتایی نوسراوەکەدا پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت ئاماژە بەوەشکراوە، ئیدارەی شاری کەرکوک خواست و داوای ئەوە لە سەرۆک وەزیران دەکات، کە ڕێگە نەدات بە بوونی هیچ بارەگایەکی حزبی بەناو شاردا، بەو پێیەی چەندین پێکهاتە و نەتەوەی جیاجیای تێدایە، بۆیە دەبێت  هەموو پارتەکان بێ جیاوازی پابەند بکرێن بە دانانی بارەگاکانیان لە درەوەی سنوری ناوەندی پارێزگاکە، بۆ ئەوەی پارێزگاکە دووربخرێتەوە لە هەر ناکۆکییەی سیاسی و ئاڵۆزی نەتەوەیی، ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە وەک پارێزگا بۆ تەرخانکردنی زەوی بە نرخێکی زۆر کەم بۆ ئەوەی سەرجەم حزبەکان بتوان بارەگای خۆیان لەدەرەوەی شارەکە بنیات بنێن.

ئەم نوسراوەی پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، ماوەیەک لەمەوبەر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە، مستەفا کازمی بەڵێنی بە پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، بارەگاکەیان لە کەرکوک ڕادەست بکاتەوە.

 



ڕیکلام