كازمی: هەندێك لەوانەی داوای روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی دەكەن دژی دەستگیركردنی تۆمەتبارانن

  2020-11-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەموو لایەنەكان داوای روبەروبوونەوەی گەندەڵی دەكەن، بەڵام هەندێكیان دژی دەستگیركردنی تۆمەتبارانن فشاریش هەیە بۆ رێگریكردن لە دادگاییكردنی ئەو كەسانە.


مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق شەوی رابردوو لە گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەموو كەسێك داوای كردووە بەگژ گەندەڵیدا بچینەوە و هەندێكیش دژی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەن كە بەو هۆیەوە دەستگیر كراون. 

ناوبراو راشیگەیاند "فشار هەیە بۆ ڕێگریكردن لە دادگاییكردنی گەندەڵكار و گەندەڵەكان و ئازادكردنی ئەو كەسانەی بە بەهۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ دەستگیركراون".

ئەو رەتیكردەوە كە ئەو كەسانەی دەستگیركراون ئەشكەنجە درابن و دەڵێت ئەو قسانە پێچەوانەی راستیە "ڕۆژی دوو ڕاپۆرتم پێدەگات كە دڵنیایمان دەداتێ لە تەندروستی و سەلامەتی ئەو كەسانەی كە دەستبەسەرن".

كازمی راماژەی بەوەكرد ئەوان پابەندن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی ئاشكراشیكرد حكومەتەكەی "لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا بودجەی ساڵی داهاتوو پێشكەش بە پەرلەمان دەكات و دەبێت پەرلەمان بە خێرایی پەسەندی بكات بۆ ئەوەی موچە دوا نەكەوێ" .

مستەفا كازمی ڕاشیگەیاند هەندێك پابەندبوونی دارایی بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا كراوە وتیشی "وەزارەتی تەندروستی دەستی كردووە بە ئامادەكردنی پێداویستی بۆ بەدەست هێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا". 

ئەو لەبارەی ئامارەكانی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیدا روونیكردەوە ئەوەی لەبەردەستماندایە 57 هەزار جێگای نوستن و 4 هەزار ئامێری ئۆكسجینمان هەیە، رێژەی مردنیش لە 4,2% بۆ 2,2% دابەزیووە، لە ئێستاشدا 50 تاقیگەمان هەیە".

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامن و نابێت هاوڵاتیان باجی ململانێی سیاسی بدەن. هەرێمی كوردستان ژمارەیەك پابەندی هەیە كە پێویستە جێبەجێیان بكات لەبەرامبەریشدا بەغدا بودجەیەك بۆ گەرەنتیكردنی موچەی فەرمانبەران خەرج دەكات، دەبێت كێشەكان لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن. 


ڕیکلام