دەروازەی عەرعەری نێوان عێراق و سعودیە بە فەرمی کرایەوە

  2020-11-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ بەفەرمی دەروازەی سنوری عەرعەر لە نێوان عێراق و سعودیەدا کراوەتەوە، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئاڵۆوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

لە لایەن عێراقەوە، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ و عەبدولئەمیر شمەری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان و پارێزگارانی ئەنبار و کەربەلاو فەرماندەی پۆلیسی هەردوو پارێزگەکە ئامادەی بوون.

لە لایەنی سعودیەشەوە، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حکومەتی ئەو وڵاتە ئامادەی مەراسیمی کردنەوەی دەروازە سنورییەکە بوون.

لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، هەموو ئامادەکارییەکان تەواوبووە، بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوری عەرعەر، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تێپەڕبوونی گەشتیاران.

عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان ڕایگەیاند، کردنەوەی دەروازەی عەرعەر هەنگاوێکی گرنگە، چونکە بە دەروازەی سەرەکی دەوڵەتانی کەنداو دادەنرێت بەسەر عێراقدا.

ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە زاری عەبدولعەزیز شمەری باڵیۆزی سعودیە لە بەغدا ڕایگەیاند، کردنەوەی دەروازەی عەرعەر، کاریگەریی دەبێت لەسەر زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و زیادبوونی وەبەرهێنانی جیاواز لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

دەروازەی عەرعەر تاکە دەروازەی سنورییە کە عێراق بە سعودیەوە دەبەستێتەوەو، لە بەری سعودیەوە دەکەوێتە پاریزگای عەرعەر لە دوری ٥٠ کیلۆمەتر لە باکوری شارەکە و ١٥ کیلۆمەتر لە شارۆچکەی "نخێب"ی عێراقی نزیک پاریزگای کەربەلا.



ڕیکلام