چاودێری مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکات

  2020-11-19  | 
ئەنکەرە
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە تورکیا دەکات کە چوار ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی تێدەپەڕێت.

رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (HUMAN RIGHTS WATCH )، لە بەیاننامەیەکدا دستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیمۆکراتی گەلان (هەدەپە) و چەند ئەندامێکی دیکەی ئەو حزبەی، بە چڕبوونەوەی هێرشەکانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر هەدەپە لە ساڵی ٢٠١٦ لەقەڵەمدا و رایگەیاند، پێویستە ئەنکەرە بەزووترین کات دەمیرتاش ئازاد بکات و رێز لە بێروڕای جیاواز بگرێت.

تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پیشووی هەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بانگەشەی "تیرۆر"، دەستگیرکرا، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا دادگاییکردنی دەمیرتاش یەکلایی نەبووەتەوە بەڵام دەوترێت بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە، پێدەچیت تورکیا سزای ١٤٢ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێت، بەڵام پێشتر دادگای دەستووریی تورکیا، سەرەڕای بەنایاسایی لەقەڵەمدانی سزای زیندانیکردنی دەمیرتاش، داوایکردووە ناوبراو بە بڕی 6500 یۆرۆ قەرەبوو بکرێتەوە.

پێشتریش دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ رەخنەی لە بڕیاری دەستگیرکردن و سزادانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایەن تورکیاوە گرتووە و بڕیارەکەی بە پاڵنەری سیاسیی وەسفکردووە، داوایشیکردووە، ئەنکەرە دەمیرتاش ئازاد بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا سەرجەم ئەو رەخنە و داواکاریانەی پشتگوێ خستووە و خۆی لە ئازادکردنی دەمیرتاش بواردووە.



ڕیکلام