ئەمریکا بە نیازە حوسییەکانی یەمەن بخاتە لیستی تیرۆرەوە

  2020-11-19  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گۆڤاری فۆرین پۆڵیسی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییە ناحکومییەکانی دیکە لە یەمەن، بەشێک لە فەرمانبەرە ئەمریکییەکانی خۆیان گواستووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەکرێت واشنتۆن گروپی حوسییەکانی یەمەن بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، تا ئێستا ١٠ فەرمانبەری سەرەکی ئەمریکی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان بەشێوەیەکی کاتی لە سەنعای پایتەختەوە گوێزراوەوتەوە بۆ ناوچەیەکی ئارامتر .

گۆڤارەکە ئاشکرایکردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە نامەی بەپەلە کارمەندی ئاژانسە فریاگوزارییەکانی لە ناوخۆیی یەمەن ئاگادار کردووەتەوە لەوەی، چاوەڕواندەکرێت بەم نزیکانە ئیدارەی ئەمریکا، بزوتنەوەی ئەنساروڵا- حوسییەکانی یەمەن، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، بەو هۆیەشەوە داوای لە هاوڵاتیانی ئەمریکا کردووە، باکوری یەمەن بەرەو شاری عەدەن یان ئەدیسابابا جێبهێڵن، چونکە مەترسی پەرچەکرداری قورسی ئەو بڕیارەی ئەمریکا هەیە لەلایەن حوسییەکانەوە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە ڕەنگە پەرچەکرداری حوسییەکان نەگاتە ئەوەی بگاتە ئەگەری فڕاندن و بە بارمتە گرتنی هاوڵاتیانی ئەمریکی، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ببێتە هۆی ئاڵۆزی لە جموجوڵی هاتووچۆ و گەشتکردندا.

بە گوتەی گۆڤارەکە لێپرسراوانی باڵای ئێستا و پێشووی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، تۆمارکردنی گروپی حوسییەکان لە لیستی تیرۆری ئەمریکا زۆر نزیکە، بەڵام ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە.

گۆڤارەکە ئاشکرایشیکردووە، چاوەڕواندەکرێت لە میانی سەردانەکەی هەفتەی داهاتووی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سعودیە ئەو بڕیارەی واشنتۆن دەربارەی حوسییەکان ڕابگەیەنرێت، ئەوەش بە مانای پشتیوانیکردنی زیادکردنی فشارەکانی ڕیازە بۆ سەر حوسییەکان، کە هەفتەیەکە گفتوگۆی تایبەتیانە سەبارەت بە ئاگربەست لە یەمەن.



ڕیکلام